پوتین: رووسیا هێشتا یۆرانیۆم بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا دابین دەکات

"ئابووریی رووسیا ڕووبەڕووی هیچ هەڕەشەیەک نەبووەتەوە"

سەرۆکی رووسیا، گومانی خۆی لە نییەتی ئۆکرانیا بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی نیشاندا و ئاماژەی بەوە کرد تێناگەم بۆچی ئۆکرانیا ئامادە نییە ئیدارەی ترەمپ وەک زامنی گفتوگۆکانی ئاشتی قبووڵ بکات لە کاتێکدا ئەوان چەک لە واشنتن وەردەگرن.

هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، لە میانەی بەشداریکردنی لە پانێڵێکدا لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی سان پیتەربورگ، کۆمەڵێک لێدوانی گرنگی سەبارەت بە دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی، داهاتووی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئۆکرانیا، و پێگەی نێودەوڵەتیی مۆسکۆ خستە روو.

پوتین لە گوتەکانیدا دڵنیایی دا لە جێگیریی دۆخی دارایی وڵاتەکەی و رایگەیاند: "هیچ هەڕەشەیەک لەسەر ئابوورییەکەمان نابینین و پێمان وایە رووسیا وەک ژینگەیەکی بەهێز بۆ راکێشانی وەبەرهێنان دەمێنێتەوە."

سەبارەت بە کاریگەریی ململانێ سەربازییەکانیش، سەرۆکی رووسیا دانی بەوەدا نا کە هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی زیانێکی دیاریکراو بە رووسیا دەگەیەنن، بەڵام جەختی کردەوە کە هێشتا وڵاتەکەی یۆرانیۆم بۆ بازاڕی ئەمریکا دابین دەکات و زنجیرەی دابینکردن بەردەوامە.

سەبارەت بە ئەگەری سازدانی دانوستان لەگەڵ ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، پوتین ئاماژەی بەوە کرد، کە زێلێنسکی لە رێگەی نامەیەکی کراوەوە داوای دیداری لێکردووە و ئەویش سەرنجێکی خێرای خستووەتە سەر نامەکە، بەڵام گوتی: "هیچ هۆکار و پاساوێک بۆ سازدانی ئەم دیدارە نابینم، چونکە ئێمە پێویستمان بە رێککەوتنی ئاشتیی هەمیشەیی و کۆنکرێتی هەیە."

لەبارەی ئەوەش کە زێلێنسکی لە نامەکەیدا ئاماژەی بە تەمەنی پوتین کردبوو، سەرۆکی رووسیا وەڵامی دایەوە و گوتی: "گرنگ تەمەن نییە، بەڵکوو گرنگی لە توانای کارکردن و بەرهەمهێنانە."

پوتین باسی لەوەش کرد کە مۆسکۆ هیچ کاتێک دیداری لەگەڵ زێلێنسکی رەتنەکردووەتەوە، بەڵام فێڵ و تەڵەکەبازی سیاسی لە پرۆسەی ئاشتیدا قبووڵ ناکات.

ئەو ڕەخنەی لە ئۆکرانیا گرت کە ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیانی بە ئاشکرا بڵاوکردووەتەوە و ئەوەی بە "هەڵە" ناوبرد، هەروەها ئاشکرای کرد کە بازرگانێکی رووسی پێشتر لە کیێڤ چاوی بە زێلێنسکی کەوتووە بۆ ئەم مەبەستە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن و دەسەڵاتی نوێی ئەمریکا، پوتین سوپاسگوزاریی خۆی بۆ دۆناڵد ترەمپ نیشاندا، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا کارگەلێکی زۆر هەن پێویستە بکرێن. 

پوتین سەرسوڕمانی خۆی لە هەڵوێستی کیێڤ دەربڕی و گوتی: "تێناگەم بۆچی ئۆکرانیا چەک لە ئەمریکا وەردەگرێت، بەڵام نایەوێت ئیدارەی ترەمپ وەک زامنکەری پڕۆسەی ئاشتی قبووڵ بکات."

سەرۆکی رووسیا قسەی لەسەر هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گۆشەگیرکردنی مۆسکۆ کرد و رایگەیاند، دەستپێشخەریی گۆشەگیرکردنی رووسیا پڕۆژەیەکی ئیدارەی جۆ بایدن بوو کە دواتر وڵاتانی ئەوروپاش پێوەی پەیوەست بوون، بەڵام جەختی کردەوە کە "لە ئێستادا هیچ جۆرە گۆشەگیرییەک بۆ رووسیا بوونی نییە" و وڵاتەکەی پێگەی خۆی لەسەر ئاستی بازاڕی جیهانی پاراستووە.

لە درێژەی قسەکانیدا، پوتین باسی لە ئێران کرد و گوتی: تاران داوای ناردنی چه‌كی له‌ ئێمه‌ نه‌كردووه‌ و ئێمەش چەکمان بۆیان نەناردووە.

 ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا پێشنیازمان بۆ گواستنه‌وه‌ی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ وڵاتەکەمان هه‌ر ماوه‌.

لە بارەی چەکی ئەتۆمیشەوە، سەرۆکی رووسیا دووپاتی کردەوە، تاوەکوو ئێستا هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە بسەلمێنێت ئێران هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات. 

پوتین جەختی کردەوە، کە ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە "نەبوونی متمانەی دووقۆڵییەوە" هەیە و داوای کرد هەموو ماددە ئەتۆمییەکان بخرێنە ژێر چاودێریی وردی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.

هەر لە بارەی ئێرانەوە رایگەیاند: هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئێران بیەوێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات، هەرچەندە ئیسرائیل نیگەرانیی زۆری لەم بارەیەوە هەیە."

سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن رۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لە کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان، بە مەرجێک ئێران هاوکاریی تەواویان بکات و رێگەیان پێ بدات پشکنینەکانیان ئەنجام بدەن.