یوسف خەلیل قەڵغانی زێڕینی لە میسر بەدەستهێنا
یوسف خەلیل، نووسەر و رۆژنامەنووسی کورد، توانی پلەی یەکەمی قەڵغانی زێڕینی داهێنان و ناوداری لە پێشبڕکێی هەفتانەی گۆڤاری ماڵی شاعیران و ئەدیبان لە میسر بەدەست بهێنێت، کە دوای ئەوەی دەقی شانۆیی "خوود"، لە نێوان کۆمەڵێک دەقی ئەدەبی و شانۆیی هەڵبژێردرا و لەلایەن دەستەی هەڵسەنگاندنەوە وەک باشترین دەقی هەفتە ناسێنرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ی تەمموزی 2026، یوسف خەلیل، نووسەر و رۆژنامەنووسی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "پێشبڕکێی قەڵغانی داهێنان و ناوداری کە لەلایەن گۆڤاری ماڵی شاعیران و ئەدیبان رێکخرا، یەکێکە لە پێشبڕکێ ئەدەبییەکان کە هەفتانە بەرهەمە نوێیەکان لە بوارەکانی شیعر، چیرۆک، شانۆ و رەخنەی ئەدەبی هەڵدەسەنگێنێت. لەم خولەدا، 10 دەنگی جیاواز و داهێنەر بە بەرهەمەکانیان بەشداریان کردبوو، کە منیش یەکێک بووم لەو دەنگە جیاوزانە و هەر یەکەمان بە شێوازێکی تایبەت هەوڵمانداوە جیهانێکی فکری و هونەری تایبەت بخوڵقێنین."
گوتیشی، "دوای خوێندنەوەیەکی ورد و شیکردنەوەیەکی تەکنیکی و هەڵسەنگاندنی هونەری، دەستەی هەڵسەنگاندن، دەقی "خوود"ی منیان بە شایستەی پلەی یەکەم زانی و قەڵغانی زێڕینی داهێنانیان پێ بەخشیم. هەروەها بەپێی راپۆرتی دەستەی هەڵسەنگاندن، ئەم دەقەی من توانیویەتی بە شێوازێکی سەرکەوتووانە رەخنەی ئەدەبی، فەلسەفە و هونەری شانۆ لە یەک بنیاتدا کۆبکاتەوە و بینەر و خوێنەر بەرەو بیرکردنەوەی قووڵ ببات.
یوسف خەلیل باس لە هۆکاری هەڵبژاردنی دەقەکەی دەکات و دەڵێت، "دەستەی هەڵسەنگاندن هۆکاری هەڵبژاردنی دەقەکەم لەوەدا دەبیننەوە کە من بە زمانێکی شیعری و فەلسەفی، باس لە بابەتەکانی هۆشیاری، بوون، بەرپرسیارێتی هاوبەش و چارەنووسی مرۆڤ دەکەم. لە هەمان کاتدا، بەکارهێنانی تەکنیکە مۆدێرنەکانی شانۆ، وەک شکاندنی دیواری چوارەم، بەشدارکردنی بینەر لە ناو رووداوەکان و هێما هونەرییەکانی وەک خۆڵەمێش، ئێسک، شەمەندەفەر و خۆر، وای کردووە دەقەکەم سنووری گێڕانەوەی چیرۆک ببەزێنێت و ببێتە ئەزموونێکی فکری و هەستی."
دەربارەی دەقی شانۆیی "خوود"، یوسف خەلیل دەڵێت، "دەقی "خوود"، تەنیا شانۆیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو کاریگەرییەکی بوونگەرایانەی هەیە و پرسیارە گرنگەکانی بوون و ویژدانی مرۆڤ دەخاتە بەردەم بینەر. بۆیە، ئەم دەقەی من بە ئاستێک لە پوختەیی و داهێنان ناسێنراوە کە شایستەی ئەوەیە لە شانۆی جیهانیشدا پێشکەش بکرێت."
یوسف خەلیل ئاماژەی بەوەش دا، "یەکێک لەو رستانەی کە دەستەی هەڵسەنگاندن بە خاڵێکی جیاکەرەوە ئاماژەی پێداوە، ئەو وتەیەیە کە دەڵێت؛ "ئەو دۆڵەی تێیدا دەجەنگین، خۆمان دروستمان کردووە." بەپێی هەڵسەنگاندن، ئەم رستەیە بە کورتی بیری سەرەکی دەقەکە دەردەبڕێت و مرۆڤ بەرەو بیرکردنەوە لە بەرپرسیارێتی خۆی دەبات، نەک تەنیا لە بەرامبەر خۆی، بەڵکو لە بەرامبەر کۆمەڵگە و جیهان."
ئەو نووسەرە باس لە بەدەستهێنانی ئەو دەستکەوتە گرنگە دەکات و دەڵێت، "ئەم دەستکەوتە بەرهەمی قووڵی بیرکردنەوە، هێزی داهێنان و توانای منە لە بەکارهێنانی زمان بۆ خزمەتکردنی بابەتە گەورەکانی مرۆڤایەتی، بوون و بەرپرسیارێتی دانراوە. هەروەها دەقی "خوود"، بە زمانێکی هونەری و بنیاتێکی پتەو، شوێنەوارێکی قووڵ لە هەست و ویژدانی خوێنەر جێدەهێڵێت و ئەم تایبەتمەندییانە وای کردووە دەقەکەم شایستەی پلەی یەکەم بێت."
گۆڤاری "ماڵی شاعیران و ئەدیبان" سەکۆیەکی ئەدەبی و رۆشنبیریی عەرەبیی سەربەخۆیە، کە گرنگی بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمە ئەدەبی، شیعری و رەخنەییەکان دەدات، هەروەها پشتیوانی لە نووسەر و ئەدیبان دەکات و ناوەندی سەرەکی گۆڤارەکە لە وڵاتی میسرە.
یوسف خەلیل، نووسەر و رۆژنامەنووسی کورد، خەڵکی شاری سلێمانییە. لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا لە هەردوو بوارەکانی نووسین و رۆژنامەوانیدا چالاکیی بەردەوامی هەبووە. نووسینەکانی زۆرجار لە رۆڵی مرۆڤ، کۆمەڵگە، بیرکردنەوەی وێژەیی و ئەزموونە تاکەکەسییەکان دەخولێنەوە. هەروەها لە کاری رۆژنامەوانیدا بە تۆمارکردن و شیکردنەوەی رووداو و بابەتە جۆراوجۆرەکان ناسراوە.