سوپای ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی پێنج شارۆچکەی لوبنان دەکات

سوپای ئیسرائیل
سوپای ئیسرائیل

سوپای ئیسرائیل ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی دانیشتووانی شارۆچکەکانی (عەرمەتی، مەشغەرە، کەفر حونە، سەجد، و ئەنسارییە) کرد، کە دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بەرەو باکووری رووباری زەهرانی بڕۆن.

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەکەیدا ئەمڕۆ شەممە، 6ـی حوزەیرانی 2026، رایگەیاندووە، حزبوڵڵا رێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردووە، بۆیە ئەوانیش ناچارن بە توندی وەڵام بدەنەوە. هەروەها هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتییان لە بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی حزبوڵڵا دوور بکەونەوە بۆ ئەوەی ژیانیان نەکەوێتە مەترسییەوە، ئاماژەیان بەوەش کردووە کە مەبەستیان نییە زیان بە خەڵکی سڤیل بگەیەنن.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پەیوەندیی بە هەردوو لایەنی ئیسرائیلی و لوبنانییەوە کردووە بە مەبەستی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست. ترەمپ ئاماژەی کردووە، پێشکەوتن لەو بارەیەوە هەیە و باوەڕی وایە لوبنان شایەنی ئاشتییە".

لەلایەکی دیکەوە سوپای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند؛ بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان دوو سەربازی باڵای ئەو وڵاتە کوژراون. 

تەنیا رۆژێک بەسەر راگەیاندنی ئاگربەستدا تێپەڕیوە، تێیدا مەرج کراوە حزبوڵڵا هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل رابگرێت، بەڵام بە گوتەی سوپا حزبوڵڵا رێککەوتنی پێشێلکردووە.