گازی باكوور سووپرایزی بۆ كەركووكییەكان هەیە
گازی باكوور لە گواستنەوەی چەندان ئەستێرە و راهێنەری ناودار لە گفتوگۆدایە
یانەی گازی باكوور بە گەرمی هاتووەتە نێو بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و لەگەڵ ستافێكی سووری لە گفتوگۆدایە و چەندان ئەستێرەی كوردیشی كردووەتە ئامانج، نانەت دەنگۆیەكی بەهێزیش هەیە ئەیمەن حوسێن پەیوەندی بەو یانەیە بكات، بەوپێیەی ئەیمەن سەرەتای كاروانی یاریكردنی لە یانەی گازی باكوور دەستپێكردووە.
ناودارترین راهێنەری سووری لە گازی باكوور نزیكە
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، یانەی گازی باكوور لەگەڵ رەفئەت محەمەد راهێنەری سووری و ستافەكەی لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو ئەركی راهێنەرایەتی یانەكە وەربگرن.
رەفئەت محەمەد، یەكێكە لە ناودارترین راهێنەرەكانی ئێستای سووریا، وەرزی رابردوو راهێنەری یانەی وەحدەی سووری بوو، لەگەڵ ئەو یانەیە 3 نازناوی جامی سووریا و جامێكی سووپەر و نازناوێكی خولی پیشەگەرانی سووریای بەدەستهێناوە. لەگەڵ یانەی عەهدی لوبنانیش پلەی دووەمی جامی فیدراسیۆنی ئاسیای لە 2024 بردووەتەوە، نازناوی خول و جامی لوبنانیشی بەدەستهێناوە، پێشتر راهێنەری تیپی ئۆڵمپیك و لاوانی هەڵبژاردەی سووریاش بووە.
ئەیمەن حوسێن ئامادەیە یاریی بۆ گازی باكوور بكات
یانەی گازی باكووری شاری كەركووك دوای ئەوەی بۆ یەكەمجار بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق سەركەوت، ئەیمەن حوسێن هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق پەیامێكی پیرۆزبایی بۆ بەرپرسانی یانەكە نارد و ئامادەیی خۆشی دەربڕیوە وەرزی داهاتوو درێسی ئەو یانەیە ببپۆشێت، بەوپێیەی ئەیمەن حوسێن سەرەتای كاروانی یاریكردنی لە یانەی گازی باكوور دەستپێكردووە، بۆیە وەكو رێز و وەفایەك دەیەوێت یاریی بۆ یانەی شارەكەی بكات.
لەگەڵ دوو ئەستێرەی كورد لە گفتوگۆدایە
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، بەرپرسانی یانەی گازی باكوورد لەگەڵ ئیبراهیم غازی و شێروان كوردستانی لە گفتووگۆدایە، ئەو دوو یاریزانە گرێبەستەكانیان لەگەڵ یانەكانیان كۆتایی هاتووە، ئیبراهیم غازی لەگەڵ یانەی مووسڵ چوار گۆڵی لە خولی ئەستێرەكانی عیراق تۆمار كرد، شێروان كوردستانیش لە خولی نایابی عێراق چوار گۆڵی لەگەڵ یانەی حدوودی شاری بەغدا تۆمار كرد.
لە لایەكی دیكەیشەوە، كوردستان24 زانیاری دەستكەوتووە گازی باكوور لە گواستنەوەی عەلی خالیدی گۆڵپاڕێزی كارەبا نزیكە.
لە گواستنەوەی ئەستێرەیەكی هەڵبژاردەی نێجیریا نزیكە
یانەی گازی باكوور لەگەڵ ئایۆبامی جونیۆری یاریزانی ژمارە 10ـی یانەی شووتینگ ستارزی نێجیری لە گفتوگۆدایە، ئەو یاریزانە پێشتر یاریی بۆ هەڵبژاردەی نێجیریاش كردووە، وەكو ناوەراستكار و هێرشبەری باڵیش یاری دەكات.
دوای 20 ساڵ دابڕان، وەرزی داهاتوو شاری كەركووك نوێنەرێكی دەگەڕێـتەوە خولی ئەستێرەكانی عێراق، ئەو یانەیەش گازی باكوورە، وەرزی رابردوو لە خولی نایابی عێراق پلەی دووەمی بەدەستهێناوە و راستەوخۆ بۆ یەكەمجار لە مێژوودا بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق سەركەوتووە.