مامەڵەی تاپۆ لە سنووری بنەسڵاوە دەستپێدەکات
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی پڕۆسەی مامەڵەی زەوی فەرمانبەرانی راگەیاند. بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان ئاشکرای کرد, 400 فەرمانبەر لە سنووری بنەسڵاوە دەتوانن دەست بە رێکارە یاساییەکان بکەن بۆ وەرگرتنی تاپۆی زەوییەکانیان.
شەممە 6ـی حوزەیرانی 2026، مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، بە کوردستان 24ی رایگەیاند، پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا پێ ناوەتە قۆناخێکی نوێوە. ئاماژەی بەوە کرد، دوای بڵاوکردنەوەی ناوەکانی سنووری بەحرکە، ئێستا ناوی 400 فەرمانبەری دیکە بڵاو دەکەنەوە کە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی بنەسڵاوە بوونەتە خاوەن زەوی.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان گوتی: "ئێمە ئامادەکاری تەواومان کردووە تاوەکو ئەو فەرمانبەرانەی ناویان هاتووە، سەردانمان بکەن بە مەبەستی ئەنجامدانی مامەڵەی وردبینی و تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان."
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شایستە، و بڕیارە لە قۆناغەکانی داهاتوودا ناوەکانی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای هەولێر رابگەیەنرێن بۆ ئەوەی فەرمانبەران بتوانن پەڕاوی یاسایی زەوییەکانیان وەربگرن و مامەڵەی تاپۆکانیان کۆتایی پێ بهێنن.
چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026، مەموند عەبدولوەهاب، سەرۆکی شارەوانی شارەدێی بەحرکە بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، "تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی تاپۆکردنی زەوییە دابەشکراوەکان تەواو بووە، رۆژی شەممە ناوی یەکەم کۆمەڵەی فەرمانبەران کە 500 کەس دەبن رادەگەیەندرێت، تاوەکو سەردانی شارەوانی بکەن بۆ دەستپێکردنی مامەڵەکانیان."




