ئەمریکا رەزامەندییدا لەسەر فرۆشتنی سیستەمی دژەدرۆن بە کوەیت
واشنتن رەزامەندیی لەسەر فرۆشتنی سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی دژەدرۆن بە کوەیت نیشان داوە، بە ئامانجی بەهێزکردنی تواناکانی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر هەڕەشە ئاسمانییەکان.
شەممە، 6ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندووە، واشنتن رەزامەندیی سەرەتایی نیشاندا لەسەر فرۆشتنی سیستمە بەرگرییەکانی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و کەرەستە سەربازیی دیکە بە وڵاتی کوەیت، کە بەهای گرێبەستەکە بە نزیکەی دوو ملیار دۆلاری دەخەمڵێندرێت.
بە پێی راگەیەنراوەکە، " بە هاوکاریی ئەمریکا تواناکانی کوەیت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێستا و داهاتوو بەهێزتر دەبن، ئەمەش لە رێگەی تەکنەلۆجیای ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو بۆ تێکشکاندنی سیستەمی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، حکوومەتی کوەیت بەهۆی ئەم هێرشە مووشەکی و درۆنییانەی کە کرانە سەر وڵاتەکەی، داواکارییەکی پێشکەش بە واشنتن کردووە بە مەبەستی کڕینی سەکۆکانی تایبەت بە بەرپەرچدانەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەرەستە و پێداویستییە تەکنیکییەکانی پێوەست بەو بوارە، بۆ پاراستنی زیاتری ئاسمانی وڵاتەکەی.
چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتیی سوپای کوەیت رایگەیاندبوو، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان بەرپەرچی چەند هێرشێکی مووشەکی و درۆنییان داوەتە کە کرابووە سەر وڵاتەکەیان.