بڕیارە ئەمریکا پارە بلۆککراوەکانی ئێران بۆ وڵاتانی کەنداو خەرج بکات

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەر ئەمڕۆ یەکشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، بڵاویکردەوە واشنتن بیر لە بەکارهێنانی پارە بلۆککراوەکانی ئێران دەکاتەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتانەی کە بەهۆی ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە. بە مەبەستی پشتگیریکردن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە.

ئاژانسەکە لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاماژەی بەوە کردووە، ""واشنتن پارە بلۆککراوەکانی ئێران بۆ بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانی لە کەنداو بەکاردەهێنێت؛ ئەمەش بە ئامانجی پشتگیریکردنی ئاوەدانکردنەوە و ئەو چاکسازییانەی پێویستن بۆ ئەو زیانانەی کە ئەگەر هەیە لە داهاتوودا لەلایەن ئێرانەوە دروست ببن."

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا تیمێکی راسپاردووە بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی هاوپەیمانەکانیان لە کەنداو و خەمڵاندنی تێچووی ئەو زیانانەی کە ئێران هۆکارەکەی بووە. جەختیشیکردەوە، واشنتن ئەگەری بەکارهێنانی پارە بلۆککراوەکانی ئێران تاوتوێ دەکات بۆ پشتگیریکردن لە چاککردنەوەی ئەو زیانانەی لە رابردوودا دروست بوون بەهۆی جەنگی 60 رۆژەوە.

تاکوو ئێستا پارە بلۆککراوەکانی ئێران بە نادیاری ماوەتەوە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکانی حکوومەتی ئێران، 100 بۆ 123 ملیار دۆلار دەبن، بە نزیکەیی یەک لەسەر سێی کۆی بەرهەمی گشتیی ناوخۆیی ئێران دەکات.

لە چین  20 ملیار دۆلار لە پارەی بلۆککراوی ئێران هەیە، لە ژاپۆنیش1 ملیار دۆلار ، هەروەها هندستان 7 ملیار دۆلار و لە عێراقیش 6 ملیار دۆلار، لەگەڵ بڕی 6 ملیار دۆلار لە قەتەڕ ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2023 لە کۆریای باشوورەوە گواسترایەوە بۆ دۆحە، وەک بەشێک لە رێککەوتنێکی نێوان جۆو بایدنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ئاڵوگۆری ژمارەیەک زیندانیی. ئەم بڕە پارەیە، کە پارەی فرۆشتنی نەوتە، جارێکیتر بلۆککرایەوە لە لایەن ئەمریکا و قەتەر دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری 2023.

ئێران لە دوای شۆڕشی 1979ـوە چەندین جار داوای گەڕاندنەوەی پارە بلۆککراوەکانی بلۆککراوەکانی کردووە، بەڵام زۆربەیان لە دەرەوەی وڵات بە بلۆککراوی ماونەتەوە کە وڵاتەکە بەهۆی ئەو سزایانەی لە دوای شۆڕشەوە بەسەریدا سەپێندراون، رووبەرووی فشاری دارایی بووەتەوە. 

ئێران گەڕاندنەوەی پارە بلۆککراوەکانی بۆ ئەوەیە دەستبکاتەوە بە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەی و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ئابووری و ژێرخانی کە دووچاری هاتووە بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە.

پێشتریش فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران لە مانگی نیسانی 2026 رایگەیاندبوو، زیانەکانی جەنگی 40 رۆژی یەکەمی شەڕ بە نزیکەی 270 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، لەکاتێکدا هەندێک لە ئابووریناسان ئەو رێژەیەیان لە سەرووی 300 ملیار دۆلارەوە داناوە.

ئێران پێی وایە ئەستەمە ئەمریکا و ئیسرائیل رازیبن بەوەی زەرەر و زیانە مادییەکانی جەنگ بدەن بە ئێران. لە هەمان کاتدا ئێران دەیەوێت داهات کۆبکاتەوە لە رێگای وەرگرتنی باج لەو کەشتییانەی بە تەنگەی هۆرموز تێدەپەڕن؛ بەڵام ئەمریکا زۆر بەتووندی دژی ئەم هەنگاوەی ئێران وەستاوەتەوە.

ئێران دوای رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کە لە سەردەمی باراک ئۆباما سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا واژۆ کرابوو، دەستی گەیشت بە بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی لە بانکە نێودەوڵەتیەکان. دوای ئەوەی ئەمریکا هەندێک لە سزاکانی هەڵگرت، تاران توانی 50 ملیار دۆلار لە پارەی بلۆککراو وەربگرێتەوە.

سزاکان دووبارە سەپێندرانەوە بەسەر ئێران لە ماوەی خولی یەکەمەنی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، دوای ئەوەی بریاریدا ئەمریکا بکشێنێتەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015.