ئەحمەد خاتەمی: پزیشکەکان موجتەبا خامەنییان لە بڕینەوەی قاچ رزگارکرد

ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لە ئێران رایگەیاند، موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران، لە یەکەم رۆژەکانی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە، قاچی بریندار بووە.

ئەحمەد خاتەمی، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی شاری سیرجان ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ئەگەری بڕینەوەی قاچی هەبووە پێش ئەوەی لە رێگەی پزیشکییەوە رزگار بکرێت. ئەم لێدوانانە بە یەکەم دانپێدانانی فەرمی دەوڵەتی ئێران دادەنرێت سەبارەت بە سەختی برینداربوونی موجتەبا خامنەیی لەو هێرشانەدا.

موجتەبا خامنەیی لە دوای هەڵبژاردنی لە مانگی ئاداری رابردوو وەک جێگرەوەی باوکی، بە تەواوی لە چاوی میدیاکان و شوێنە گشتییەکان ون بووە. عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، لە 28ـی شوباتی رابردوو و لە یەکەم رۆژی دەسپێکی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کوژرا.

سەبارەت بە دۆخی بەڕێوەبردنی وڵات، فەرزان سابیت، شارەزا لە کاروباری ئێران لە پەیمانگای خوێندنی باڵای جنێف، رایگەیاندووە: "پێدەچێت موجتەبا، بە یارمەتی نووسینگەکەی، رۆڵێکی هەبێت لە سەرپەرشتیکردنی ئاڕاستە گشتییەکانی سیاسەت، لەنێویاندا دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا." بەڵام ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و تەندروستییەوە، ئاستی بەشداریکردنی لە سیاسەتدا زۆر کەمترە لەوەی باوکی هەیبوو.

لەلایەکی دیکەوە، تۆما جۆنۆ، مامۆستای زانکۆ لە ئۆتاوا، دەڵێت: هەژموونی ئێستای موجتەبا وەک باوکی نییە و دەسەڵاتی ئێستای ئێران لە دەستی لیژنەیەکی نافەرمی دایە کە لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران و چەند سیاسییەکی باڵا پێکهاتووە، لەوانەش محەمەد باقڕ قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان.