سۆران.. فێستیڤاڵی کوردستان بۆ فیلمی ژینگە بەڕێوەدەچێت

فێستیڤاڵی کوردستان بۆ فیلمی ژینگە، لەژێر دروشمی "مرۆڤ هەڵقوڵاوی ژینگەیەتی"، لە سۆران بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی حوزەیرانی 2026، پشتیوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ی گوت، "فێستیڤاڵی کوردستان بۆ فیلمی ژینگە، کچ و کوڕێک بەناوی ڤارین و فەرهاد دروست دەکات، ئەم دوو کەسایەتییە لە رێگەی ڤیدیۆ، چیرۆک و پەیامە هونەرییەکانەوە باس لە گرنگی پاراستنی ژینگە، پاکڕاگرتنی سروشت، چاودێریکردنی سەرچاوە سرووشتییەکان و بەرپرسیارێتی هاوبەشی تاکەکانی کۆمەڵگا دەکەن. هەروەها بڕیارە بەردەوام لە ماوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵدا هەفتانە بەرهەم و ڤیدیۆی تایبەت بڵاوبکەنەوە بۆ ئەوەی پەیامەکە بە شێوەیەکی سادە و کاریگەر بگاتە ژمارەیەکی زۆرتر لە خەڵک."

پشتیوان عەبدوڵڵا گوتیشی، "ئامانجی ئەم پڕۆژەیە تەنیا بریتی نییە لە باسکردنی کێشە ژینگەییەکان، بەڵکو هەوڵێکە بۆ پێشاندانی وێنەیەکی درەوشاوە لە کوردستان و جوانییە سرووشتییەکانی. هەروەها  فێستیڤاڵەکە پەیامێکی ئاشکرا هەڵدەگرێت کە مرۆڤی کورد، سەرەڕای ئەو گۆڕانکاری و ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا روویداون، هێشتا دەتوانێت ژیان، داهێنان و گەشەپێدان بەردەوام بکات."

سەرۆکی فێستیڤاڵەکە باس لە گرنگی ئەو چالاکییە سینەماییە دەکات و دەڵێت، "ئێمە دەمانەوێت روویەکی دیکە لە کوردستان بناسێنین؛ روویەکی پڕ لە ژیان، سروشت، جوانی و پێکەوەژیان. سینەما دەتوانێت بەهێزترین ئامراز بێت بۆ گواستنەوەی ئەو پەیامە بۆ جیهان و پیشاندانی ئەوەی کە کوردستان تەنیا ناوی ناوچەیەکی جوگرافی نییە، بەڵکو شوێنێکە پڕ لە کولتوور، داهێنان و خۆشەویستی بۆ ژینگە."

پشتیوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا، "فێستیڤاڵی کوردستان بۆ فیلمی ژینگە، توانیویەتی ژمارەیەک فیلمساز و بەرهەمهێنەری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کۆبکاتەوە و گرنگی زیاتر بە بابەتە ژینگەییەکان بدات. هەروەها یارمەتی داوە تاکو فیلم و بەرهەمە هونەرییەکان وەک ئامرازێکی هۆشیارکردنەوە بەکاربهێنرێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژینگە و بەرزکردنەوەی رۆحی بەرپرسیارێتی لە نێوان هاووڵاتیاندا."

پشتیوان عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد، "سۆران بەهۆی سروشتی جوان، شاخە بەرزەکان، دۆڵ و دەشتە سەوزەکان و شوێنە سرووشتییە ناسراوەکانی، یەکێکە لە گونجاوترین شوێنەکان بۆ میوانداریکردنی ئەم جۆرە چالاکییانە. هەروەها بەڕێوەچوونی ئەم چالاکییە لە دڵی سروشتی ناوچەکەدا، کاریگەرییەکی زیاتر لەسەر پەیامی فێستیڤاڵ دروست دەکات و پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان هونەر و ژینگە دروست دەکات."

بڕیارە مانگی ئەیلوولی 2026، فێستیڤاڵی کوردستان بۆ فیلمی ژینگە، لەژێر دروشمی "مرۆڤ هەڵقوڵاوی ژینگەیەتی"، لە سۆران لە هەوای کراوە بەڕێوەبچێت.