رۆژانە 13 کاتژمێر کار لە "رێڕەوی ژیانەوە" دەکرێت

دوای چوار مانگ لە راوەستانی بەهۆی بارانبارینەوە، کارەکانی پرۆژەی "رێڕەوی ژیانەوە" لەسەر شەقامی کۆرنیشی هەولێر دەستیانپێکردەوە و دەیان ئامێر کاری تێدا دەکەن.

خەڵات خالید، ئەندازیاری پرۆژەکە، بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، درێژیی سەرجەم پرۆژەکە 25 کیلۆمەترە و ئێستا وەک نموونە لەسەر یەک کیلۆمەتر کار دەکەن.

 ئاماژەی بەوەش دا، رۆژانە 13 کاتژمێر و بە دوو شەفت کار دەکەن بۆ ئەوەی پرۆژەکە پێش کاتی دیاریکراو تەواو بێت. روونیشی کردەوە، پرۆژەکە لە کەناڵی ئاو، پارک، شوێنی پیاسەکردن و چەندین جێگەی دانیشتن پێکدێت.

ئەوەشی خستە روو، دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەم، دەست بە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەم دەکرێت لە گەڕەکی سێبەردان و شاوێسەوە تاوەکوو دەگاتە سەر رێگەی کۆیە.

هاووڵاتییانی ناوچەکە خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکان دەربڕی. سدیق پاڵانی، هاووڵاتییەکی ناوچەکەیە و دەڵێت، پێشتر ئەم شوێنە پڕ بوو لە پاشماوە و خاشاک، بەڵام ئێستا دەبێتە پارکێکی جوان. هاوەمەند عەلی، هاووڵاتییەکی دیکە، ئاماژەی بەوە کرد، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەم کارە لەبەر ئەوەی ترس و مەترسیی لافاوی لەسەر گەڕەکەکانیان نەهێشتووە.

پرۆژەی رێڕەوی ژیانەوە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی پارێزگای هەولێر بە مەبەستی گۆڕینی خەندەق و رێڕەوی ئاوە وەرزییەکان بۆ پشتێنەیەکی سەوز و شوێنێکی گەشتیاری. ئەم رێڕەوە درێژییەکەی 25 کیلۆمەترە و بە چەندین گەڕەکی ناو شاردا تێدەپەڕێت.

 لە رابردوودا بەهۆی پشتگوێخستنییەوە، لە وەرزی زستاندا دەبووە هۆی دروستبوونی لافاو و مەترسی بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی لافاو، زیادکردنی رێژەی سەوزایی بۆ 10% و رەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست، کارەکانی ئەم پرۆژەیەی خستە بواری جێبەجێکردنەوە و ئامانجە لە ماوەیەکی کورتدا بە رووی خەڵکدا بکرێتەوە.