میتحەت سانجار وردەکاریی نەخشەرێگا نوێیەکەی ئۆجەلان ئاشکرا دەکات

ئەندامێکی شاندی ئیمراڵی وردەکاریی نەخشەڕێگاکەی ئۆجەلان بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی پرۆسەی ئاشتی ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، وردەکارییەکانی دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە ئۆجەلان نەخشە رێگایەکی نوێی بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی پڕۆسەی ئاشتی پێشکەش کردووە. 

سانجار ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆجەلان داوای کردووە پەلە بکرێت لە دەرکردنی "یاسایەکی چوارچێوە" تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی، بە جۆرێک کە بەر لە پشووی هاوینەی پەرلەمان کارەکانی تەواو بکرێت.  

بەپێی گوتەکانی سانجار، ئەم نەخشەڕێگایە لە سێ تەوەری سەرەکی پێکدێت کە بریتین لە دیاریکردنی سروشتی یاساکە، دامەزراوەییکردنی پڕۆسەکە و روونکردنەوەی رۆڵ و پێگەی ئۆجەلان لەم قۆناخەدا. 

سانجار جەختی لەوەش کردەوە کە شاندەکەیان لەگەڵ نوێنەرانی ئاکپارتی کۆبووەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم رەهەندە یاساییانە و ئەگەرچی هێشتا رەشنووسێکی فەرمی لەلایەن حکوومەتەوە پێشکەش نەکراوە، بەڵام گۆڕینەوەی بیروڕا و دانوستانەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی پڕۆسەکە لەسەر ڕێڕەوی خۆی خێراتر بکرێت.

لە لێدوانەکەیدا، میتحەت سانجار هۆشداری دا کە بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و مەترسییەکانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وادەکات کە پێویست بێت پرسی کورد بە خێرایی بەرەو چارەسەرییەکی سیاسی و یاسایی ببرێت.

 هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لەسەر شانی هەموو لایەنەکان و هێزە دیموکراسیخوازەکانە، بەتایبەت پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، کە وەک کارەکتەرێکی گرنگ لەم پڕۆسەیەدا بمێننەوە و ڕێگری بکەن لەوەی کات بکوژرێت یان پڕۆسەکە تووشی پاشەکشە ببێت.