ترەمپ بۆ ئێران: مووشەکەکانتان هاوێشت و بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ

سەرۆکی ئەمریکا، رەخنەی توند ئاراستەی هێرشە بێ هەماهەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت دەکات و هاوکات داوا لە تاران دەکات پاش هاویشتنی چوار شەپۆلی مووشەکی بالیستی بۆ سەر ئیسرائیل، کۆتایی بە هێرشەکانی بهێنێت و بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ؛ ترەمپ ئاشکرای دەکات کە رێگری لە ناتانیاهۆ دەکات بۆ وەڵامدانەوەی سەربازیی نوێ، بە ئامانجی پاراستنی ئەو رێککەوتنە مێژووییەی کە تەنیا چەند رۆژێکی کەم لە واژۆکردنی جیهانییەوە دوورە.

یەکشەممە 7ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی راستەوخۆدا لەگەڵ پەیامنێری "فۆکس نیوز"، داوای لە تاران کرد کۆتایی بە هێرشە مووشەکییەکانی بهێنێت. ترەمپ هاوکات رەخنەی لە ئیسرائیل گرت بەهۆی بۆردومانکردنی بەیرووتی پایتەختی لوبنان و رایگەیاند کە ئەو هێرشانە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ واشنتن ئەنجام دراون.

ترەمپ لە کاتی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، پەیامێکی ئاراستەی سەرکردایەتیی تاران کرد و گوتی: "ئەوەی پێشنیازی دەکەم بۆ ئێران ئەوەیە: ئێوە مووشەکەکانی خۆتان هاوێشت، ئەوەندە بەسە. بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و رێککەوتنێک واژۆ بکەن."

ئاماژەی بەوە کرد کە پێش ئەم پەرەسەندنە تەنیا چەند رۆژێکی کەم مابوو بۆ واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەم هێرشانە پڕۆسەی دانوستانەکان ئاڵۆز دەکەن.

سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانی و ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت دەربڕی و گوتی: "من دڵخۆش نیم بەو هێرشانەی ئیسرائیل کردییە سەر بەیرووت."

ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناو پایتەختی لوبنان "بەبێ هەماهەنگی" لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدراون.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە گەمارۆ دەریاییەکانی واشنتن ئابووریی ئێرانی پەکخستووە و تاران رۆژانە سەدان ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات و گوتیشی: "ئێمە خاوەنی بەهێزترین سوپای جیهانین، بەڵام دەمەوێت ئێران رێککەوتن بکات تاوەکو ناچار نەبین دووبارە هێزی سەربازی بەکاربهێنینەوە."

هەروەها لە لایەکی دیکەوە ترەمپ بە ئەکسیۆسی راگەیاند، "ئێستا پەیوەندی بە ناتانیاهۆ دەکەم و پێی دەڵێم کە وەک وەڵامدانەوەیەک هێرش نەکاتە سەر ئێران."

سەرۆکی ئەمریکا گوت: من پێم وایە ئیسرائیل بە پێی پێویست وەڵامی داوەتەوە. چیتر پێویست بە بەردەوامی ناکات؛ ئاماژەشی دا، دوای 3000 ساڵ، ئێمە دەتوانین ئاشتی بەدی بهێنین.

ترەمپ راشیگەیاند، لە هێرشە موشەکییەکەدا هیچ کەسێک بریندار نەبووە، ئەگەر ناتانیاهۆ وەڵام بداتەوە، ئەم بابەتە بەردەوام دەبێت؛ گوتیشی: ئێمە زۆر نزیکین لە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، رێککەوتنێکی باشیش دەبێت؛ من نامەوێت ئەم بابەتە ببێتە هۆی پەکخستنی رێککەوتنەکە. هەردوولا هێرشیان کردووە، و من نامەوێت بینەری هێرشێکی دیکە بم.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چوار شەپۆلی موشەکیی بالیستی هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئیسرائیل، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت. سوپای پاسداران هۆشداری دا کە ئەمە تەنیا "ئاگادارکردنەوەیەک" بووە و ئەگەر هێرشەکان دووبارە ببنەوە، هەموو بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکرێنە ئامانج.

تری یینگست، پەیامنێری باڵای فۆکس نیوز لە تەلئەڤیڤەوە رایگەیاند، کە ئێران لانی کەم چوار شەپۆلی مووشەکیی بەرەو ئیسرائیل هاوێشتووە. هێرشەکە بە دیاریکراوی شاری "حەیفا"ی سێیەم گەورە شاری ئیسرائیل و زۆربەی ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکەی گرتووەتەوە. ئێستا ناوچەکە لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ زانینی ئاستی زیانەکان و وەڵامی ئەگەریی ئیسرائیل.

سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، کە ئەم هێرشانە وەڵامێک بووە بۆ بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی "زاحیە" لە بەیرووت. تاران جەختی کردەوە: "ئەمە تەنیا ئاگادارکردنەوەیەکە؛ ئەگەر هەر جۆرە دەستدرێژییەک دووبارە ببێتەوە، تەواوی بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بە ئامانجی رەوا دادەنرێن و وەڵامێکی توندترمان دەبێت."

بەرپرسانی تاران جەخت دەکەنەوە کە بەردەوام دەبن لە فشارە سەربازییەکانیان تا ئەو کاتەی ئەمریکا سزاکانی سەر ئێران هەڵدەگرێت. بەپێی زانیارییەکانی فۆکس نیوز، ئێستا هەناردەی نەوتی ئێران بە رێژەی 90% کەمی کردووە و بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکاوە، وڵاتەکە رۆژانە سەدان ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات.

پەیامنێری فۆکس نیوز ئاماژەی بەوە کرد کە ئێرانییەکان پێیان وایە ترەمپ نایەوێت جەنگ بکات و دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت کێشەکان یەکلا بکاتەوە، هەر بۆیە پەنایان بۆ ئەم سەرکێشییە سەربازییە بردووە.