ترەمپ: بە پارەی ئێران زیانی کەشتییەکان قەرەبوو دەکرێتەوە

سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرای کرد، لەمەودوا واشنتن پارە بلۆککراوەکانی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی هەر زیانێک بەکاردەهێنێت کە بەر کەشتییە بازرگانییەکان و بارەکانیان دەکەوێت. 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 24ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: لەم ساتەوە، ئەمریکا ئەو پارە ئێرانییانەی کە لەبەردەستیدایە، وەک سەرچاوەی سەرەکی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی سەر کەشتیگەل و بارە بازرگانییەکان بەکار دەهێنێت.

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، ئەم بڕیارە تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت. هەروەها وەک رێکارێکی "دادپەروەرانە و یەکسان" وەسفی کرد بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکان. 

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا، ئەگەرچی رەنگە قەبارەی زیانەکان "زۆر گەورە و بەرچاو" بن، بەڵام ئیدارەکەی دوودڵ نابێت لە بەکارهێنانی ئەو سەرمایە ئێرانییانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی واشنتندان بۆ داپۆشینی تێچووەکان.

ئەم هەڵوێستە نوێیەی ترەمپ لە کاتێکدایە، کە گرژییەکان لە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا روویان لە زیادبوون کردووە. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەم هەنگاوە گوشارێکی دارایی توند دەخاتە سەر تاران و پەیامێکی روونە کە ئەمریکا ئامادەیە رێکاری ئابووری توندتر بگرێتە بەر بۆ پاراستنی ئاسایشی گواستنەوەی دەریایی لە ناوچەکەدا.