کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان دەرگەی رەهانووسی بە رووی هونەرمەنداندا دەکاتەوە
کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان بانگەوازی فەرمی بڵاوکردەوە بۆ هەموو خۆشنووسانی کورد لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ بەشداریکردن لە پێشانگەیەکی هاوبەشی شێوەکای بە ناونیشانی "رەهانووسی"؛ پێشانگەیەک کە ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە هاندانی داهێنان، ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونی نێوان خۆشنووسان و فراوانکردنی ئاسۆی هونەری خۆشنووسی بە شێوەیەکی ئازاد و نوێ.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23 تەمموزی 2026، مەریوان پیرباڵ، سەرۆکی کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، "ناونیشانی "رەهانووسی"، خۆی هێمای ئازادی و دەرچوون لە سنوورە باوەکانی خۆشنووسییە. بۆیە لەم پێشانگایەدا تەنیا جۆری خۆشنووسی سەربەست وەردەگیرێت، چونکە ئەم شێوازە رێگە بە هونەرمەند دەدات پیت و وشە بە دیدێکی هونەری و داهێنەرانە بگۆڕێتە ئەزموونێکی نوێ، نەک تەنیا دووبارەکردنەوەی شێوازە کلاسیکییەکان. لەبەر ئەوە، جۆرە باوەکانی وەک سولس، نەسخ، روقعە، نەستەعلیق و هاوشێوەکانیان لەم پێشانگەیەدا قبوڵ ناکرێن."
گوتیشی،"کۆمەڵەکە ویستیویەتی ئازادی تەواو بە خۆشنووسان بدات لە هەڵبژاردنی بابەتەکان، بۆیە هەر هونەرمەندێک دەتوانێت دەقێک لەسەر خۆشەویستیی نیشتمان، ژیان، ئاشتی، نەفرەتکردن لە جەنگ یان هەر بابەتێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی هەڵبژێرێت، بە مەرجێک لە چوارچێوەی رێزگرتنی گشتی و بنەماکانی کۆمەڵگە دەرنەچێت."
مەریوان پیرباڵ باس شێوازی جێبەجێکردنی کارەکان دەکات و دەڵێت، "هونەرمەندان لە شێوازی جێبەجێکردنی کارەکانیشدا ئازادن و دەتوانن کارەکانیان بە شێوەی هونەرکاری پیت یان نووسینەوەی تێکست ئەنجام بدەن، بەڵام ئەگەر کارەکە نووسینەوەی تێکست بێت، پێویستە بە زمانی کوردی بێت، چونکە یەکێک لە ئامانجەکانی پێشانگەکە پاراستن و گەشەپێدانی جوانیناسی نووسینی زمانی کوردییە."
سەرۆکی کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان لەرووی تەکنێکییەوە باس لە پێشانگەکە دەکات و دەڵێت، "لە رووی تەکنیکییەوە، هەموو کارەکان دەبێت لەسەر کانڤاس و بە چوارچێوەی دارینی ناوەوە ئامادە بکرێن. هەر خۆشنووسێک دەتوانێت یەک یان دوو تابلۆ پێشکەش بکات و پابەند بێت بە یەکێک لە قەبارە دیاریکراوەکان، کە بریتین لە 150×150، 150×100، 100×100 و 70×70. هەروەها لە هەڵبژاردنی رەنگی تێکست و باگراونددا تەواو ئازادی بۆ بەشداربووان هەیە."
مەریوان پیرباڵ ئاماژەی بەوەش دا، "هەموو کارە پێشکەشکراوەکان لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆڕەوە هەڵدەسەنگێندرێن و تەنیا ئەو کارانە رێگەیان پێدەدرێت کە ئاستێکی بەرزی هونەرییان هەبێت و پابەند بن بە مەرجەکانی پێشانگە، چونکە ئەم هەڵسەنگاندنە بۆ پاراستنی ئاستی هونەری پێشانگەکە و پێشخستنی ئەزموونی خۆشنووسی کوردی گرنگە."
وەرگرتنی کارەکانی پێشانگەی هاوبەشی شێوەکاری "رەهانووسی"، لە 14 تاوەکو 20ی ئابی 2026 بەردەوام دەبێت و دوای تەواوبوونی پێشانگەکەش، هەموو تابلۆکان بۆ خاوەنەکانیان دەگەڕێندرێنەوە.