عێراقچی و فوئاد حوسێن پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکان و هێرشە مووشەکییەکانی تارانیان بۆ سەر ئیسرائیل تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، کە یەکشەممە 7ی حوزەیرانی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێگەیشت.
عێراقچی لەم پەیوەندییەدا دوایین پەرەسەندنەکانی جەنگی ناوچەکەی خستە ڕوو و "شیکردنەوەیەکی وردی لەبارەی هۆکارەکانی وەڵامدانەوەی مووشەکیی ئەمدواییەی ئێران بۆ سەر هێرشەکانی ئیسرائیل" پێشکەش بە فوئاد حوسێن کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوو وەزیر گفتوگۆیان کردووە لەسەر پێشبینییەکانیان بۆ جۆری کاردانەوەی ئیسرائیل لە قۆناخی داهاتوودا. هەروەها تەوەرێکی دیکە گفتوگۆکانیان تایبەت بووە بە "ڕێڕەوی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئاسۆکانی ئەو دانوستانانە لە داهاتوودا."
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران جەختیان لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا. هاوکات، ئاماژەیان بە گرنگیی پەیوەندیکردن لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا کرد تاوەکو ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی ئاشتی.
لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران سەبارەت بەو پرسە هاوبەشانەی کە پەیوەندییان بە ئاسایشی ناوچەکەوە هەیە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بارەی پەیوەندییەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، عێراقچی وردەکاریی و هۆکارەکانی هێرشە مووشەکییەکەی وڵاتەکەی بۆ سەر ئیسرائیل بۆ هاوتا عێراقییەکەی روونکردەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ "پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست" (کە لە 8ـی نیسان رێککەوتنی لەسەر کرابوو) و هەروەها وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان.
هەر لەو پەیوەندییەدا، هەردوولا بیروڕایان سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەم ئاڵۆزییانە و مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچەکەدا ئاڵوگۆڕ کرد.