بەریتانیا داوای دانبەخۆداگرتن لە ئێران و ئیسرائیل دەکات
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، نیگەرانیی قووڵی وڵاتەکەی بەرامبەر بە دەستپێکردنەوەی ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەربڕی. داوای لە هەردوولا کرد کە دەستبەجێ گرژییەکان کەم بکەنەوە و ئاماژەی بەوە کرد, ئەم جەنگە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە.
دووشەممە 8ـی حوزەیرانی 2026، ئیڤێت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند: "دەستپێکردنەوەی ململانێکان لە نێوان ئێران و ئیسرائیل لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە. پێویستە هەردوولا دانبەخۆداگرتن نیشان بدەن و دەستبەجێ گرژییەکان هێور بکەنەوە."
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا جەختی لە گرنگیی رێگەچارەی دیپلۆماسی کردەوە و گوتی: "دانوستانەکان دەبێت بەردەوام بن بۆ گەیشتن بەو چارەسەرە هەمیشەییەی کە هەموومان پێویستمانە، لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا."
کوپەر ئاماژەی بە لایەنە ئابوورییەکانی جەنگەکەش کرد و ڕایگەیاند کە گەیشتن بە رێککەوتن زۆر گرنگە بۆ "گەڕانەوەی تەواوەتی بازرگانیی جیهانی" بۆ باری ئاسایی خۆی، کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی رێڕەوە ئاوییەکانەوە زیانی گەورەی پێگەیشتووە.
ئەم پەیامەی لەندەن لە کاتێکدایە کە ئێران ئەمشەو هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکیی کردە سەر ئیسرائیل و مەترسیی هەڵگیرسانەوەی جەنگێکی گشتگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر بووە.