ترەمپ بۆ ناتانیاهۆ: من خاوەن بڕیارم نەک تۆ

ترەمپ: ناتانیاهۆ تەنیا بژاردەی رێککەوتنی لەگەڵ ئێران هەیە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەیامێکی توند و هۆشداریدەری ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، ناوبراو هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە قبوڵکردنی هەر رێککەوتنێک کە واشنتن لەگەڵ تاران ئەنجامی بدات. جەختی کردەوە کە ئەو "خاوەنی هەموو بڕیارەکانە" و رێگری لەو دەکات وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی ئەمشەوی ئێران بداتەوە.

دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە فاینانشیاڵ تایمزی رایگەیاند: "بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هیچ بژاردەیەکی دیکەی نابێت، جگە لە قبووڵکردنی هەر رێککەوتنێک کە واشنتن لەگەڵ تاران ئەنجامی بدات. من بڕیارەکان دەدەم، هەموو بڕیارەکان لای منن. ئەو بڕیاردەر نییە." 

ترەمپ گوتی، هێرشە مووشەکییەکانی ئێران هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ویستی ئەو بۆ گەیشتن بە رێککەوتن نییە و "ئەم هێرشانە هیچ گۆڕانکارییەک دروست ناکەن؛ ئەمانە کارێکن کە 3000 ساڵە یان 47 ساڵە بەردەوامن."

هەرچەندە ترەمپ وەک پێشتر زۆر گەشبین دیار نەبوو بەڵام ئاماژەی دا، "دانوستانەکان بەردەوامن." لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئەگەر رێککەوتنەکە سەرنەگرێت چی دەکات؟ ترەمپ دوو بژاردەی خستەڕوو؛ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئەو شوێنانەی پێشتر بۆردوومان نەکراون و بەردەوامبوونی گەمارۆی ئابووری، کە بە بڕوای ترەمپ "گەمارۆکە لە هەر هێرشێکی سەربازی بەهێزتر بووە."

سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی توند و پڕ لە سەرکۆنەی لەگەڵ ناتانیاهۆ هەبووە. بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" کە ترەمپ رەتی نەکردنەوە، سەرۆکی ئەمریکا بە ناتانیاهۆی گوتووە: "تۆ شێتیت، ئەگەر من نەبوومایە ئێستا لە زیندان دەبوویت. هەمووان ئێستا رقیان لە تۆ و لە ئیسرائیلە بەهۆی ئەم کارانەوە."

لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ بە کەناڵی "فۆکس نیووز"ی راگەیاندبوو فەرمان بە ناتانیاهۆ دەکات "دانبەخۆدا بگرێت" و وەڵامی هێرشەکەی ئێران نەداتەوە، ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی لێدوانی فەرماندە سەربازییەکانی ئیسرائیلە کە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن.

ئەم ئاڵۆزییە لە کاتێکدایە کە واشنتن هەوڵ دەدات جەنگی لوبنان و حزبوڵڵا رابگرێت، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی بەیرووت. ئێران جەختی کردووەتەوە کە "ئاگربەستێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل لە لوبنان" مەرجی سەرەکییە بۆ هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران ئەمشەو سێ شەپۆلی مووشەکیی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و ناوچەکە لەبەردەم مەترسیی تەقینەوەیەکی سەربازیی گەورەدایە. تاران جەخت دەکاتەوە کە ئەم هێرشانە وەک تۆڵەی بۆردوومانەکانی لوبنان و کوژرانی سەرکردەکانی میحوەری خۆڕاگری ئەنجامدراون.