ترەمپ ناتانیاهۆ رازی دەکات وەڵامی ئێران نەداتەوە
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە ئێستا وەڵامی هێرشە موشەکییەکەی ئێران نەداتەوە. هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکا بێبەریبوونی خۆیان لەو هێرشەی ئیسرائیل راگەیاند کە بووە هۆی هەڵگیرسانی ئەم ئاڵۆزییە.
دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026، بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی 12ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە، ترەمپ پەیوەندی بە ناتانیاهۆ کردووە و داوای لێکردووە چەند رۆژێکی دیکە ئارام بگرێت و هێرش نەکاتە سەر ئێران.
ترەمپ پێی وایە هەر وەڵامدانەوەیەکی سەربازی ئێستا دەبێتە هۆی تێکدانی پڕۆسەی دانوستانەکان کە هەوڵ دەدرێت تێیدا بگەینە رێککەوتنێکی کۆتایی. هەرچەندە ناتانیاهۆ لە سەرەتادا دژایەتی ئەو داوایەی کردووە، بەڵام لە کۆتاییدا رازی بووە کە لانی کەم بۆ ئێستا هیچ هێرشێک ئەنجام نەدات.
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی پلە باڵای واشنتنەوە بڵاوی کردەوە، کە ئیدارەی ترەمپ هیچ "گڵۆپی سەوزێکی" بۆ ئیسرائیل هەڵنەکردووە تاوەکو بۆردوومانی بەیرووت بکات، کە بووە هۆی ئەوەی ئێران بە مووشەک وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە.
ئەو بەرپرسە گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان بە هیچ شێوەیەک بەشێک نەبووە لەو رووداوەی بەیرووت." ئەم لێدوانە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە واشنتن دەیەوێت خۆی لەو گرژییانە بپارێزێت کە رەنگە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ تاران پەکبخەن.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" کە لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا و سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە دەستی کەوتووە، دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ناتانیاهۆی گوتووە کە "وەڵامدانەوە دوا بخات"، چونکە "ئێمە زۆر نزیکین لەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بکەین." هەرچەندە ناتانیاهۆ لە سەرەتادا دژایەتی کردووە، بەڵام لە کۆتاییدا بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕازی بووە کە لانی کەم بۆ ئێستا پاشەکشە بکات.
بەرپرسانی کۆشکی سپی پێیان وایە کە ترەمپ توانیویەتی کات بۆ دیپلۆماسی بکڕێتەوە. ئەو بەرپرسە بە ماڵپەڕەکەی گوت: "ئێمە لە قۆناخی کۆتایی دانوستانەکانداین، بۆچی ڕێککەوتنێکی چاوەڕوانکراو بخەینە مەترسییەوە؟ سەرۆکی ئەمریکا پێی وایە سێ مانگ جەنگ بەسە و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم بابەتە بهێنرێت."
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم مەترسیی جەنگێکی گشتگیردایە، بەڵام دەستێوەردانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ وای کردووە جۆرێک لە "ئارامیی کاتی" بێتە ئاراوە تاوەکو بزانرێت ئەنجامی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان بە چی دەگات.