سوپای ئیسرائیل: هێرشمان کردە سەر ئێران
سوپای ئیسرائیل بە فەرمی رایگەیاند، کە هێزە ئاسمانییەکانیان زنجیرەیەک هێرشی وردیان کردووەتە سەر ئامانجە سەربازییەکان لە ناوەڕاست و رۆژئاوای ئێران. ئەم وەڵامدانەوەیە دوای تەنیا چەند کاتژمێرێک دێت لەو سێ شەپۆلە مووشەکییەی کە تاران ئاراستەی ئیسرائیلی کردبوو.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی حوزەیرانی 2026، فەرماندەیی سوپای ئیسرائیل (IDF) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، "کەمێک پێش ئێستا، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل چەندین ئامانجی سەربازیی ئێرانی لە ناوچەکانی رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەو وڵاتە پێکاوە."
سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە ئامانجە سەربازییەکانی پێکاوە، ئەمەش وەک وەڵامێکی راستەوخۆ بۆ هێرشە مووشەکییەکانی ئێران کە ناوچەکەیان خستووەتە لێواری جەنگێکی گشتگیر.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزی ئاسمانی، بە رێنوێنیی هەواڵگریی سەربازی، کەمێک لەمەوبەر هێرشی کردە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران لە رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئێران.
کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ئاماژەی داوە، هێرشەکەی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی مێهرئابادیشی لە تاران، پایتەختی ئێران، کردووەتە ئامانج؛ هاوکات باسی لەوەش کردووە، ئەو شوێنانەی لە ئێران کراونەتە ئامانج، سیستمەکانی بەرگریی، سەکۆکانی هاوێشتنی موشەک و کارگەکانی درۆن بوونە.
سوپای پاسدارانی بڵاوی کردووەتەوە، ئیسرائیل بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستیی ئاسمانی هێرشی کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لەناو خاکی وڵاتەکەماندا.
میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کردووە، ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشێکی مووشەکیی دەستبەجێ لەلایەن ئێرانەوە ئامادە دەکات.
میدیایە ئێرانییەکان بڵاویان کردەوە، ئەو شارانەی کە بەر هێرشی بۆردوومانی ئیسرائیل کەوتوون بریتین لە، تاران، ئەسفەهان، تەورێز، کرماشان، کەرەج و چەند ناوچەیەکی دیکە لە ڕۆژئاوای ئێران. ئاژانسی مێهر لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، لە ئەسفەهان لایەنی کەم سێ تەقینەوە روویداوە
ئیرنا لە زاری ئەکبەر ساڵحی، جێگری پارێزگاری ئەسفەهان بۆ کاروباری ئەمنی، ئاماژەی بە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی نەجەفئاباد کرد و ڕایگەیاند:ئەم هێرشە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران ئەمشەو سێ شەپۆلی مووشەکیی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و ناوچەکە لەبەردەم مەترسیی تەقینەوەیەکی سەربازیی گەورەدایە. تاران جەخت دەکاتەوە کە ئەم هێرشانە وەک تۆڵەی بۆردوومانەکانی لوبنان و کوژرانی سەرکردەکانی میحوەری خۆڕاگری ئەنجامدراون.