یەکەم فڕۆکەی مەدەنی لە ئیسرائیل نیشتەوە

ساتی نیشتنەوەی فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی بنگوریۆن
ساتی نیشتنەوەی فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی بنگوریۆن

دوای هێرشە مووشەکییەکەی یەمەن بۆ سەر ئیسرائیل، یەکەم فڕۆکەی مەدەنی لە فڕۆکەخانەی بنگوریۆنی تەلئەڤیڤ نیشتەوە.

کەناڵ 12ی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی حوزەیرانی 2026، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران، ئاسمانی ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی کاتی داخرا، هەروەها دوای بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەکەی لە یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرابوو، یەکەم گەشتی مەدەنی ئاسمانی بە سەلامەتی لە فڕۆکەخانەی بنگوریۆن نیشتەوە.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوە داوە، وەک رێکاری نوێی ئەمنی، دۆخی نا ئاسایی راگەیەندراوە و سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و دامەزراوە فێرکارییەکان دادەخرێن؛ هەروەها بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتیانی کردووە لە نزیک حەشارگەکان بمێننەوە، بەبێ ئەوەی کۆمەڵ بن.

نیشتنەوەی فڕۆکە مەدەنییەکە لە فڕۆکەخانەی بنگوریۆن، هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بەهۆیەوە فڕۆکەخانەی عێراق، ئێران، سووریا، ئوردن، لوبنان و بەشێک لە وڵاتانی کەنداو تەواوی گەشتیەکانیان بۆ ماوەیەکی کاتی و نادیار راگرتووە.

دوای نزیکەی 60 رۆژ لە ئاگربەست، جارێکی دیکە شەوی رابردوو سێ شەپۆلی هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل، سەرەڕای پێداگرییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکی ئیسرائیل بۆ دانبەخۆداگرتن و وەڵام نەدانەوەی ئێران، بەڵام سوپای ئیسرائیل بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە هێرشی کردەوە سەر چەند ناوەندێکی سەربازیی ئێران لە رۆژئاوا و ناوەندی وڵاتەکە.

لە بارەی هێرشەکانیشەوە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، ئیسرائیل بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لە خاکی کۆماری ئیسلامی و هێرشەکانیش بێ وەڵام نامێنێتەوە.