بوومەلەرزەیەکی 7.8 پلەی رێختەری باشووری فلیپینی هەژاند

هۆشداری لە روودانی کارەساتی سونامی دەدرێت

بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 8ی ـی حوزەیرانی 2026، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر، باشووری فلیپینی هەژاند، هەروەها ناوەندی بوومەلەرزەزانی ئەمریکا (USGS)، هۆشداری روودانی سونامی دەدات.

بە گوێرەی راپۆرتی ناوەندە ئەمریکییەکە، بوومەلەرزەکە کاتژمێر 07:37 بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە تۆمارکراوە، هاوکات پەیمانگەی گڕکان و بومەلەرزەزانی فلیپین (فیڤۆلکس) بڵاویکردووەتەوە، بوومەلەرزەکە لە کەناراوەکانی شاری جەنەراڵ سانتۆس لە پارێزگای سارانان تۆمارکراوە، کە دەکەوێتە باشووری دوورگەی مینداناو.

هەروەها داوای لە خەڵکی نیشتەجێی کەناراوەکانی وڵاتەکەی کردووە، دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و لە کەناراوەکان دوور بکەنەوە، بەهۆی ئەوەی مەترسی رووداونی سونامی هەیە، هاوکات پێشبینیکردووە، بەهۆی بەهێزی بوومەلەرزەکەوە ئاستی شەپۆلەکانی دەریا یەک تا سێ مەتر بەرز ببنەوە. 

لەلایەن خۆیەوە سەرۆکایەتیی فلپین سەرجەم دامەزراوەکانی وڵاتەکەی خستووەتە ئامادەیی بۆ راگواستنی خەڵکی مەدەنی کەناراوەکان؛ هەندێک دیمەنی وێرانبووی خانوو و شوێنکار بەهۆی بەهێزی بوومەلەرزەکەوە، بڵاوکراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیاریی و راپۆرتێک لە بارەی زیانە گیانی و ماددییەکان بڵاو نەکراوەتەوە.

هەروەها ناوەندی بوومەلەرزەزانی ئەمریکا رایگەیاندووە، بەهۆی بەهێزی بوومەلەرزەکەوە، ئەگەری روودانی سونامی لە ئێندۆنیزیا و ژاپۆنیش هەیە.