ئیسرائیل کۆمەڵگەی پیشەسازیی پێترۆکیمیایی ماهشەهری بۆردومانکرد
سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر کۆمەڵگەیەکی پیشەسازیی پترۆکیمیایی لە ئێران، بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەکەش رایگەیاند، بۆ پاراستنی گیانیان هەموو کرێکارەکانیان دوور خستووەتەوە.
لە راگەیەنراوێکدا سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی حوزەیرانی 2026، هێزی ئاسمانییان بە فەرمانی دەستەی هەواڵگریی سەربازی، چەند یەکەیەکیان لەنێو کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی بەندەری ماهشەهر لە باشووری رۆژئاوای ئێران بۆردومانکردووە.
هەروەها رێکخراوی تایبەتی ئابووریی پترۆکیمیایی ماهشەهر رایگەیاند، بەهۆی پەلامارەکەی ئیسرائیل بۆ سەر پاڵاوگەی کاروون، داوای کردووە هەرچی زووە هەموو کرێکارەکان کۆمەڵگەکە بەپەلە چۆڵ بکەن.
کاتژمێرێک پێش هێرشەکەی سەر کۆمەڵگە پترۆکیمیاییەکە؛ فەرماندەیی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، چەندان ئامانجی سەربازیی ئێرانیان لە ناوچەکانی رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەو وڵاتە پێکاوە.
سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی وەک وەڵامێکی راستەوخۆ بۆ هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بوون بۆ سەر وڵاتەکەیان.
ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی یەکشەممە، 7ی حوزەیران 2026، سوپای پاسدارانی ئێران چەندان هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل و بەشێک لە مووشەکەکان لە تەلئەڤیڤی پایتەخت و ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە کەوتنەخوارەوە.
سوپای پاسدران هۆکاری هێرشەکانی بۆ "پابەندنەبوونی ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئاگربەست و بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و بەتایبەت ناوچەی زاحییەی بەیرووت" گەڕاندەوە.