یەکێتیی ئەوروپا داوا لە ئێران و ئیسرائیل دەکات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ
بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، پاش ئاڵوگۆڕی هێرشەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل داوای هێورکردنەوەی رەوشەکە دەکات و هۆشداری دەدات لە تێکچوونی ئاگربەست و هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کایا کالاس رایگەیاند، "شەوی رابردوو جارێکی دیکە بینیمان ئاڵۆزییەکان زیادیان کرد." ئەوەشی خستەروو، ناوچەکە پێویستی بە هەڵکشان و ئاڵۆزیی نوێ نییە.
ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد، باشترە لایەنەکان بچنە سەر مێزی گفتوگۆ و لەسەر رێککەوتنێک یەکدەنگ بن بۆ ئەوەی کۆتایی بە قەیرانەکان بهێنرێت.
پەیامەکەی کایا کالاس پاش ئەوە دێت شەوی رابردوو (یەکشەممە، 07ـی حوزەیرانی 2026)، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ پێیان نایە قۆناغێکی نوێوە.
شەوی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران چەندان هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل و بەشێک لە مووشەکەکان لە تەلئەڤیڤی پایتەخت و ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە کەوتنەخوارەوە.
سوپای پاسدران هۆکاری هێرشەکانی بۆ "پابەندنەبوونی ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئاگربەست و بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و بەتایبەت ناوچەی زاحییەی بەیرووت" گەڕاندەوە.
لە وەڵامی ئەو هێرشە مووشەکییانەدا، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەندان ئامانجی سەربازیی ئێران لە ناوچەکانی رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەو وڵاتە. هاوکات هێرشی کردە سەر کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی لە ماهشەهر.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا جەختی کردووە، لە رووی هێرشکردن و بەرگرییەوە بە تەواوەتی ئامادەن و چاودێریی هەموو جموجووڵەکانی ئێران دەکەن. هاوکات، بە گوێرەی میدیاکانی ئەو وڵاتە، ئەم هێرشە پێچەوانانە، چەند رۆژێک دەخایەنن.