حووسییەکانی یەمەن بۆ کوردستان24: ئەمریکا بەشداریی جەنگ بکاتەوە، کەشتییەکانی دەکەینە ئامانج
فەرماندەیەکی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن هۆشداری دەداتە ئیسرائیل لە بەردەوامبوونی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران و لوبنان و رایدەگەیەنێت، ئەگەر ئەمریکا بەشداریی هێرشەکان بکات، کەشتییەکانی لە دەریای سوور دەکەنە ئامانج.
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی حوزەیرانی 2026، عەبدولغەنی عەلی زوبەیدی، فەرماندەی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند، هێزەکانیان بەشێکی سەرەکین لەو جەنگەی ئێستا هەیە، چ هێرش بکرێتە سەر ئێران، بەیرووت یان غەززە.
ئەو فەرماندەیە ئاماژەی بەوە کرد، حووسییەکانی یەمەن خاوەنی توانایەکی سەربازیی زۆر پێشکەوتوون لە رووی مووشەکی بالیستی، دەنگی و توانای دەریایی، پێشتریش ئەو چەکانە لەسەر ئیسرائیل و ئەمریکا تاقی کراونەتەوە. روونیشی کردەوە، راگەیەنراوەکەی ئەمڕۆی یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان، بە واتای دەستپێکردنی کردەی سەربازیی جۆراوجۆر دێت، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر یەمەن یان ئێران و لوبنان رانەگرێت.
سەبارەت بە دۆخی دەریای سوور و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکا، زوبەیدی ئەوەشی خستە روو، تاوەکو ئێستا ئەمریکییەکان بە فەرمی رانەگەیاندووە بەشدارییان لەم جەنگە نوێیە و هێرشکردنە سەر ئێراندا کردووە، بۆیە رەنگە لەم قۆناغەدا لە هێرشەکان بەدەر بکرێن.
زوبەیدی هۆشداریی دا و گوتی، ئەگەر بسەلمێنرێت ئەمریکا بەشداریی لە هێرشەکانی سەر ئێران کردووە یان خۆیان رایبگەیەنن، ئەوا بێگومان بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ و بەئامانجگرتن لە دەریای سوور، کەشتییەکانی ئەمریکاش دەگرێتەوە.
قەدەخەکردنی دەریای سوور لە ئیسرائیل
کاتژمێرێک پێش ئەم لێداونە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی حوزەیرانی 2026، لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر لوبنان، غەززە و ئێران، هێزەکانمان بە چەند مووشەکێک چەند ئامانجێکی گرنگیان لە ناوچەی یافای داگیرکراو پێکا".
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن سێ خاڵی سەرەکی وەک بڕیاری نوێی هێزەکانیان راگەیاند، ئەوانیش:
یەکەم: قەدەخەکردنی تەواوەتی هاتوچۆی هەموو کەشتییە ئیسرائیلییەکان لە دەریای سوور، لەمەودوا هەر جووڵەیەکی ئەو کەشتییانە دەبێتە ئامانجێکی رەوای هێزەکانیان.
دووەم: پەرەپێدانی هێرشە سەربازییەکان وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ئێران و غەززە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرەکانی دیکەی بەرگری.
سێیەم: پێداگری لەسەر مافی گەلەکەیان و گەلانی ناوچەکە بۆ بەرگریکردن و بەردەوامبوونی کردەوە سەربازییەکانیان تا ئەو کاتەی گەمارۆ و هێرشەکان رادەگیرێن.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا یەحیا سەریع ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشانە وەڵامێکن بۆ ئەو گەمارۆ و هێرشانەی دەکرێنە سەر بەرەکەیان، روونیشی کردەوە، کردەوە سەربازییەکانیان لە داهاتوودا زیاتر و بەهێزتر دەبن.
نوێبوونەوەی جەنگەکە
شەوی رابردوو (یەکشەممە، 07ـی حوزەیرانی 2026)، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ پێیان نایە قۆناغێکی نوێوە؛ سوپای پاسدارانی ئێران چەندان هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل و بەشێک لە مووشەکەکان لە تەلئەڤیڤی پایتەخت و ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە کەوتنەخوارەوە.
سوپای پاسدران هۆکاری هێرشەکانی بۆ "پابەندنەبوونی ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئاگربەست و بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و بەتایبەت ناوچەی زاحییەی بەیرووت" گەڕاندەوە.
لە وەڵامی ئەو هێرشە مووشەکییانەدا، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەندان ئامانجی سەربازیی ئێران لە ناوچەکانی رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەو وڵاتە. هاوکات هێرشی کردە سەر کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی لە ماهشەهر.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا جەختی کردووە، لە رووی هێرشکردن و بەرگرییەوە بە تەواوەتی ئامادەن و چاودێریی هەموو جموجووڵەکانی ئێران دەکەن. هاوکات، بە گوێرەی میدیاکانی ئەو وڵاتە، ئەم هێرشە پێچەوانانە، چەند رۆژێک دەخایەنن.