سوپای ئیسرائیل: سیستەمی بەرگریی ئێرانمان لەناوبرد

سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لە کاتی سەرپەرشتیکردنی هێرشەکان
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لە کاتی سەرپەرشتیکردنی هێرشەکان

سوپای ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر سیستەمە بەرگرییەکانی رژێمی ئێران راگەیاند و ئاماژە بەوە دەکات، دەیان فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لە تێکشکاندنی ئەو سیستەمانەدا کردووە.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 08ـی حوزەیرانی 2026، دەیان فڕۆکەی جەنگیی هێزی ئاسمانی بە پشتبەستن بە رێنماییەکانی دەستەی هەواڵگریی سەربازی، هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر سیستەمە ستراتیژییەکانی بەرگریی رژێمی ئێران.

هەروەها روونیشی کردەوە، لە ماوەی رابردوودا ئێران چەندین سیستەمی بەرگریی لە ناوچە جیاوازەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی جێگیر کردووە بۆ بونیادنانەوەی تواناکانی چاودێری و بەرگری، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پێشتر لە ئۆپەراسیۆنی (نەڕەی شێر) ئەو سیستەمانە زیانیان پێ گەیشتبوو، بەڵام ئەم هێرشە نوێیە بووە هۆی تێکشکاندنی تەواوەتیی ئەو سیستەمە نوێیانە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان زەبرێکی قورسیان لە سیستەمە بەرگرییەکانی رژێمی ئێران وەشاندووە، ئەم جۆرە هێرشانەش ئازادییەکی زیاتر بە هێزە ئاسمانییەکانیان دەبەخشن بۆ ئەوەی بە فراوانی لە ناو ئاسمانی ئێراندا کردەوە سەربازییەکانیان ئەنجام بدەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو (یەکشەممە، 07ـی حوزەیرانی 2026)، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ پێیان نایە قۆناغێکی نوێوە؛ سوپای پاسدارانی ئێران چەندان هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل و بەشێک لە مووشەکەکان لە تەلئەڤیڤی پایتەخت و ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە کەوتنەخوارەوە. 

سوپای پاسدران هۆکاری هێرشەکانی بۆ "پابەندنەبوونی ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئاگربەست و بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و بەتایبەت ناوچەی زاحییەی بەیرووت" گەڕاندەوە.