خالید کۆچەر خەونێکی ونبوو لە کۆڵانەکانی خۆشەویستی بڵاو کردەوە

خالید کۆچەر، نووسەر و شاعیر، نوێترین کۆشیعری خۆی بە ناونیشانی "خەونێکی ونبوو لە کۆڵانەکانی خۆشەویستی"  بڵاوکردەوە.

دووشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2026، خالید کۆچەر، نووسەر و شاعیر، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە شیعرییە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "ئەم بەرهەمە 7ەمین کتێبی منە و لە دوتوێی 156 لاپەڕەدایە،  دوای چەندین دەیە لە نووسین و شیعر، هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی ساڵانی هەشتا و نەوەدەی سەدەی رابردووی لەخۆگرتووە؛ ئەو شیعرانەی پێشتر لە گۆڤار و ڕۆژنامە جیاوازەکاندا بڵاوکرابوونەوە. کۆمەڵە شیعرێک کە بۆنی خۆشەویستی، بیرەوەری و ئەزموونی مرۆڤایەتی لێ دێت و بە هەنگاوێکی نوێ لە ژیانی ئەدەبیی مندا دادەنرێت."

خالید کۆچەر گوتیشی، "شیعر هەمیشە نزیکترین ژانری ئەدەبی بۆ دڵی من بووە. هەر  لە تەمەنێکی زۆر زوودا بوومەتە خوێنەری شیعر و عاشقی جوانی وشە، و هەر شیعرێکی جوانم بینیبێت بە دڵسۆزی خوێندوومەتەوە. هەروەها لە تەمەنی 17 ساڵیدا یەکەم کتێبی خۆم چاپکردووە، لە سەردەمێکدا کە چاپکردنی کتێب کارێکی ئاسان نەبوو."

ئەو نووسەرە باس لە تیراژی کتێبی ساڵانی رابردوو و ئێستا دەکات و دەڵێت، "لە ساڵانی هەشتاکاندا تیراژی کتێبەکان لەنێوان دوو هەزار تا هەشت هەزار دانە بووە، بەڵام ئێستا زۆربەی کتێبەکان بە 500 دانە چاپ دەکرێن. ئەم دۆخە بە مایەی داخ و نیگەرانی دەزانم کە ژمارەی نووسەرەکان زیاتر بووە لە ژمارەی خوێنەرەکان، کە ئەمە بۆ ئەدەب و کتێب خوێندنەوە  هەڕەشەیەکی گەورەیە."

خالید کۆچەر ئاماژەی بەوەش دا، "لە ناوەڕۆکی ئەم کۆشیعرەدا، خۆشەویستی وەک تێمای سەرەکی دەردەکەوێت. هەروەها زۆربەی شیعرەکانم لە ژێر کاریگەری خۆشەویستییەکی قووڵ نووسراون. من باوەڕم  وایە خۆشەویستی یەکێکە لە سەرچاوە هەرە گرنگەکانی داهێنانی شیعریی و لە مێژووی ئەدەبی جیهان و کوردیشدا شاعیرانی گەورە بەهۆی ئیلهامی خۆشەویستی توانیویانە بەرهەمی ماندوونەناس بنووسن."

ئەو نووسەرە باس لە نووسینی پێشەکی کتێبەکەی دەکات و دەڵێت، "من لە پێشەکی کتێبەکەم دا ئاماژە بەوە دەدەم کە شیعر بۆ خۆم دەنووسم، بۆ ئەوەی ئازارەکانی تێدا رەنگڕێژ بکەم و ئەو هەست و بیرانەی لە دڵم دایە بیانخەمە سەر کاغەز. من  دەنووسم، چونکە  نامەوێت ئەو هەست و خەونانە لەگەڵ خۆم دا ببەمە ژێر گڵ، بەڵکو دەمەوێت وەک بەشێک لە یادگارە ئەدەبییەکانم بمێنێتەوە."

خالید کۆچەر باسی لەوەش کرد، "ئەو کتێبە شیعرییەم تەنیا ناونیشانی دیوانێک نییە، بەڵکو گوزارشتێکە لە ئەزموونێکی درێژخایەنی من لەگەڵ خۆشەویستی، بیرەوەری و دۆزینەوەی جوانی لە ژیاندا. هەر بۆیەش ناونیشانەکە پێش لە خوێندنەوەی شیعرەکان، خوێنەر بەرەو جیهانێکی پڕ لە هەست و خەیاڵ دەبات."

خالید کۆچەر، نووسەر و شاعیر، ساڵی 1963 لە گەرەکی خانەقای شاری هەولێر لە دایك بووە، تا قۆناغی ناوەندی خوێندووە، لە کۆتایی ساڵی حەفتاکان دەست بەنووسێن دەکات، یەکەم شیعری ساڵی 1980 بڵاوکردۆتەوە، لە چەندین رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان بەرهەمی بڵاوکردۆتەوە، هەروەها لە چەندین رۆژنامە وەکو نووسەر و هەڵەچن کاری کردووە، ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کوردە لە لقی هەولێر و  ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، بەرهەمە چاپکراوەکانی وەکو، فرمێسکی مەهاباد -شیعر ساڵی 1981، ئەستێرەی هیوا - شیعری منداڵان ساڵی 1983، دیاری بۆ مام هێمن ساڵی 1984، جانتای سەفەری ئەمجارەت پڕیەتیی لە گریان-شیعر ساڵی 2013، ژنێک دڵی داگیرکردووم، تەمەنت لەسەرووی 50 ساڵیدایە. بە چاپی ئەم کۆشیعرە نوێیەش ژمارەی بەرهەمە چاپکراوەکانی گەیشتە حەوت کتێب.