قالیباف: تا متمانەیەکی راستەقینە نەبێت وەڵامی ئێران هەر بەو شێوەیە دەبێت

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کە وڵاتەکەی کۆتایی بەو قۆناخە هێناوە کە تێیدا تەنیا لەسەر کاغەز ئاگربەست هەبێت و لە مەیدانی جەنگدا پێشێل بکرێت؛ هۆشداری دا تا ئەو کاتەی ئیرادەیەکی راستەقینە بۆ دروستکردنی متمانە نەبێت، وەڵامی ئێران بۆ هەر هێرشێک بە هەمان شێوەی ئێستا توند دەبێت.

دووشەممە 8ـی حوزەیرانی 2026، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بە گۆڕانی ستراتیژییەتی سەربازیی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، "ئەو هاوکێشەیەی کە ئاگربەست لەسەر کاغەز بێت و لە مەیدانی جەنگدا بەردەوام پێشێل بکرێت، تێکمان شکاند."

قالیباف رووی دەمی کردە ئەمریکا و ئیسرائیل و گوتی: "تا ئەو کاتەی ئیرادەیەکی راستەقینەتان بۆ دروستکردنی متمانە نەبێت، وەڵامی ئێران هەر ئەمە دەبێت."

ئەم لێدوانەی سەرۆکی پەرلەمان دوای ئەوە دێت کە ئێران بە سێ شەپۆلی مووشەکی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و رایگەیاند کە ئەمە وەڵامێکە بۆ پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و بۆردوومانکردنی بەیرووت.