چاندنی برنج لە ئامێدی زیادی کردووە

لە گوندی گوهەرزێی سەر بە قەزای ئامێدی، جووتیاران بەهۆی زۆری بارانی ئەمساڵ و پڕۆژەکانی ئاودێری حکوومەت، وەرزی چاندنی برنج و کونجییان بە هیوایەکی زۆرەوە دەستپێکردووە و پێشبینی بەرهەمێکی زۆر دەکەن.

محەممەد سالح، جوتیار لە گوندەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمساڵ بەهۆی زۆری باران و بەفری زستان، سەرچاوەکانی ئاو زیادیان کردووە و ئەمەش هانی داون رووبەرێکی فراوانتری برنج بچێنن. ئاماژەی بەوەش دا، ساڵانی رابردوو کێشەی کەمی ئاویان هەبوو، بەڵام ئەمساڵ وەرزی کشتوکاڵ زۆر باشترە.

لە لایەکی دیکەوە ئەحمەد گۆهەرزی، جوتیار لە هەمان ناوچە روونی کردەوە، ئەوان سەرقاڵی چاندنی برنجی جۆری ریتەک و شەش مانگین. ئەوەشی خستەروو، ئەم جۆرانە لە بازاڕدا خواستی زۆریان لەسەرە و تام و بۆنێکی تایبەتیان هەیە. 

جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر حکوومەت جۆگەی ئاودێری زیاتریان بۆ دروست بکات، دەتوانن بەرهەمەکانیان بۆ ناوچەکانی دیکەش بنێرن.

هەکار حەمید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی گرنگی بۆ رێکخستنی ئاو و دروستکردنی جۆگەی کۆنکرێتی لە سنوورەکە جێبەجێ کردووە.

 ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پڕۆژانە بوونەتە هۆی ئەوەی جوتیاران بە جۆش و خرۆشەوە بگەڕێنەوە سەر زەوییەکانیان. 

بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە 32 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای دهۆک بە برنج دەچێنرێت، ئەمەش ئاستی بەرهەمهێنان بەراورد بە پێنج ساڵی رابردوو بەرز دەکاتەوە.