جگەرە هۆکاری سەرەکیی مردنە لە ئیسرائیل
وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژانە 33 کەس بەهۆی جگەرەکێشانەوە گیان لەدەست دەدەن، هاوکات گەنجان و هەرزەکارانیش زیاتر روویان لە بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی کردووە.
وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا هۆشداری دا، ژمارەی قوربانیانی جگەرە لەو وڵاتە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. بەپێی راپۆرتەکە ئەم رێژەیە زۆر بەرزترە لەو ئامارانەی لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا تۆمار کراون.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە، ئێستا هەرزەکاران زۆرتر حەز بە تاقیکردنەوەی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەکەن و کەمتر جگەرەی ئاسایی دەکێشن.
لەبارەی رەگەزیشەوە، روونیی کردەوە، پیاوان زۆرتر لە ژنان ئالوودەی ئەم خووەن و رێژەکەیان دەگاتە 27.3٪.
پێشتریش لە ساڵی 2022دا وەزارەتەکە ئامارێکی دیکەی بڵاو کردبووەوە و تێیدا دەرکەوتبوو لە ساڵی 2014دا نزیکەی 19.8٪ی هاووڵاتییانی سەروو تەمەن 21 ساڵ لە ئیسرائیل جگەرەکێش بوون.
لە ساڵانی رابردوودا ئیسرائیل هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی رێژەی جگەرەکێشان چڕتر کردووەتەوە. حکوومەتی ئەو وڵاتە چەندین رێکاری توندی گرتووەتە بەر، لەوانە قەدەغەکردنی رێکلام و زیادکردنی باج لەسەر بەرهەمەکانی تووتن.
لەگەڵ ئەوەشدا، بڵاوبوونەوەی خێرای جگەرەی ئەلیکترۆنی لە نێو گەنجاندا بووەتە ئاستەنگێکی گەورە بۆ دامەزراوە تەندروستییەکان.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش بەردەوام هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی تووتن لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، چونکە ساڵانە ملیۆنان کەس لە جیهاندا بەهۆیەوە دەمرن.