هەڕەشەی حووسییەکان و مەترسییەکانی سەر رێڕەوی نەوت

گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و هەڕەشە نوێیەکانی حووسییەکانی یەمەن بۆ داخستنی گەرووی باب ئەلمەندەب، بازاڕەکانی جیهانی رووبەڕووی مەترسییەکی بێپێشینە کردووەتەوە.

شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر هەناردەی نەوتی سعوودیە لە دەریای سوور پەکیبکەوێت، جیهان شۆکێکی وای بەخۆوە دەبینێت کە نرخی نەوت بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرز ببێتەوە.

حووسییەکان و گەمارۆی دەریای سوور

 یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لوبنان و غەززە، بە چەندین مووشەک ناوچەی یافایان پێکاوە.

حووسییەکان بڕیاری "قەدەخەکردنی تەواوەتی" هاتوچۆی کەشتییە ئیسرائیلییەکانیان لە دەریای سووردا و رایانگەیاند، هەر جووڵەیەک لەو ناوچەیەدا دەبێتە ئامانجێکی رەوا بۆیان.

ئەم پەرەسەندنە تەنیا ئیسرائیل ناگرێتەوە، بەڵکو مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر رێڕەوی وزەی جیهان. لە کاتێکدا گەرووی هورمز بە کردەیی داخراوە، باب المندەب ببووە تاکە هیوای سعوودیە بۆ گەیاندنی نەوتەکەی بە بازاڕەکانی ئاسیا.

جەنگی راستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل

ئەم دۆخە دوای ئەوە دێت کە شەوی یەکشەممە 7ی حوزەیرانی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران بە هێرشێکی مووشەکی بەرفراوان تەلئەڤیڤ و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئیسرائیلی کردە ئامانج. ئیسرائیلیش دەستبەجێ وەڵامی دایەوە و هێرشی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران و کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی ماهشەهر، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی جەنگەکە چووەتە ناو جەرگەی ژێرخانی وزە.

بۆچی باب ئەلمەندەب بۆ سعوودیە گرنگە؟

دوای داخرانی گەرووی هورمز لە سێ مانگی رابردوودا، کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی پەنای بۆ هێڵی بۆری "رۆژهەڵات-رۆژئاوا" برد بۆ ئەوەی نەوتەکەی بگەیەنێتە بەندەری یەنبەع لەسەر دەریای سوور. ئەمین ناسر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئارامکۆ رایگەیاند، توانای هەناردەکردنیان لەم هێڵەدا گەیاندووەتە حەوت ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ ئەوەی رێگری لە شۆکی بازاڕ بکەن.

بەڵام ئەگەر حووسییەکان باب ئەلمەندەب دابخەن، سعوودیە ئەم تاکە رێگایەشی لەدەست دەدات. مویوو خۆ، شیکەرەوەی باڵای نەوت لە دامەزراوەی Kpler دەڵێت: "ئەگەر باب ئەلمەندەب دابخرێت، کڕیارە ئاسیاییەکان دەستگەیشتنیان بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی نامێنێت."

شۆکێکی گەورە لە نرخی نەوت

ئێستا جیهان بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوە نزیکەی 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی لەدەستداوە. ئەگەر باب ئەلمندەبیش دابخرێت، چەندین ملیۆن بەرمیلی دیکەش کەمدەبێتەوە.

لەو دۆخەدا، کەشتییە نەوتهەڵگرەکان ناچار دەبن رێگەی دەوری ئەفریقا بەکاربهێنن، ئەمەش گەشتەکە لە 20 رۆژەوە بۆ 50 رۆژ درێژ دەکاتەوە و تێچووی گواستنەوە و نرخەکان بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرز دەکاتەوە.

ئەم پەرەسەندنانە نیشانی دەدەن کە بازاڕی وزەی جیهان لە هەموو کاتێک ناسکترە و بەردەوامیی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و پەلکێشانی بۆ ناو گەرووە ئاوییەکان، دەبێتە هۆی "سوپەر سایکڵ"ێکی نوێی نرخەکان کە جیهان پێشتر بەخۆوەی نەدیوە.

گرنگیی ستراتیژیی گەرووی باب ئەلمەندەب:

ساڵانە زیاتر لە 21,000 کەشتی (بە تێکڕای 57 کەشتی لە رۆژێکدا) لە گەرووی باب ئەلمەندەبەوە تێدەپەڕن، لە نێویشیاندا کەشتییە زەبەلاحەکانی گواستنەوەی نەوت و گازی سرووشتی (LNG). ئەم گەرووە رێڕەوێکی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی نەوتی کەنداوی عەرەبی بەرەو بازاڕەکانی ئەوروپا و ئەمریکا لە رێگەی کەناڵی سویسەوە؛ بە شێوەیەک رۆژانە بڕی 6 بۆ 7 ملیۆن بەرمیل نەوتی لێوە تێدەپەڕێت.