حزبوڵڵای لوبنانی هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران راگەیاند

ژمارەیەک چەکداری حزبوڵڵای لوبنانی
ژمارەیەک چەکداری حزبوڵڵای لوبنانی

حزبوڵڵای لوبنانی پشتیوانیی خۆی بۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل نیشان دا و داوای لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کرد دەرفەتەکە بقۆزنەوە بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران.

ئەمڕۆ سێشەممە، 09ـی حوزەیرانی 2026، حزبوڵڵای لوبنانی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە بە مەبەستی بەرگریکردن لە گەلی لوبنان، پەیامێکی روونی پابەندبوونی ئەخلاقی و سیاسی و مەیدانیی تارانە بەرانبەر بە لوبنان.

هەر لە راگەیەنراوەکەدا حزبوڵڵا داوای لە حکوومەتی لوبنان کرد دەرفەتەکە بقۆزنەوە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران راست بکەنەوە، بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا حزبوڵڵا روونیشی کردەوە، پێویستە دەسەڵاتی لوبنانی سوود لە پشتیوانییەکانی ئێران ببینێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان، بەتایبەتی لە کاتێکدا چەترێکی هەرێمایەتی لە دەرەنجامی دانوستانەکان دروست دەبێت.

حزبوڵڵا هاوکات سوپاسی حووسییەکانی یەمەنیشی کردووە کە ژمارەیەک مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و بێدەنگ نەبوون.

ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی یەکشەممە، 07ـی حوزەیرانی 2026، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ پێیان نایە قۆناغێکی نوێوە؛ سوپای پاسدارانی ئێران چەندان هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل و بەشێک لە مووشەکەکان لە تەلئەڤیڤی پایتەخت و ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە کەوتنەخوارەوە. 

سوپای پاسدران هۆکاری هێرشەکانی بۆ "پابەندنەبوونی ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئاگربەست و بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و بەتایبەت ناوچەی زاحییەی بەیرووت" گەڕاندەوە. 

لە وەڵامی ئەو هێرشە مووشەکییانەدا، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەندان ئامانجی سەربازیی ئێران لە ناوچەکانی رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەو وڵاتە.