داوای لێپرسینەوە لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکرێت
کۆمەڵێک لە راپۆرتنوسانی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، داوای لێپرسینەوەیان لە ئەمریکا و ئیسرائیل کرد بەهۆی هێرشکردنە سەر قوتابخانەی سەرەتایی میناب لە پارێزگای هورموزگانی ئێران. هەروەها ئەم هێرشەیان وەک روونترین نموونەی شکستی بەربڵاوی ئەمریکا و ئیسرائیل لە پاراستنی مەدەنییەکان وەسفکرد.
راپۆرتنوسانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوەکەد هاوبەشەکەدا باسیان لەو هێرشە سەربازییانە کرد کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە 28ـی شوبات تا سەرەتای نیسانی 2026 بۆ سەر ئێران کراون، بەگوێرەی راگەیەندراوەکەد، ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 3 هەزار و 375 هاووڵاتی مەدەنی، کە نزیکەی 500 یان ئافرەت بوون، جگە لە برینداربوونی زیاتر لە 33 هەزار کەسی دیکە.
راپۆرتنوسانی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردووە، لەم ماوەیەدا هاووڵاتیانی مەدەنی لە ئێران بەرکەوتەی ماددە مەترسیدارە نێودەوڵەتییە قەدەخەکراوەکان بوون، کە دەکرێت کاریگەریی تەندروستیی توند و درێژخایەنیان بەتایبەت لەسەر ئافرەتان، کچان و ئافرەتانی دووگیان هەبێت.
لە درێژەی راگەیەندراوکەدا هاتووە، قوتابخانەی "شەجەرەی تەیبە" لە شاری میناب، لە 28ـی شوباتی 2026 و لە کاتی دەوامی فەرمیی قوتابخانەکەدا، دوو جار رووبەڕووی هێرش بووەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 168 منداڵ و ژمارەیەک لە مامۆستایان، راپۆرتنوسەکان جەختیان کردووەتەوە کە قوتابخانەکە بە روونی ناوەندێکی پەروەردەیی مەدەنی بووە و هیچ نیشانەیەک نەبووە کە بیسەلمێنێت بۆ مەبەستی سەربازی بەکارهێنراوە.
راپۆرتنوسانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرسوڕمانی خۆیان دەربڕیوە کە دوای پێنج مانگ لە بۆردومانکردنی قوتابخانەی میناب، ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ ئەنجامێکی ئەو لێکۆڵینەوانەیان بڵاونەکردووەتەوە کە بانگەشەی ئەنجامدانیان دەکرد.
رایانگەیاندووە، ئەم بێدەنگییە گومان لەسەر بێلایەنی و کاریگەریی هەر لێکۆڵینەوەیەکی ئەگەری دروست دەکات و جەختیان کردووەتەوە "دادپەروەریی دواکەوتوو هاوتایە لەگەڵ بێبەشبوون لە دادپەروەری"، بۆیە داوای سزادانی ئەنجامدەرانیان کردووە.
راپۆرتنوسەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە قوربانیان و خێزانەکانیان مافی خۆیانە راستییەکان بزانن، دادپەروەرییان بۆ دەستەبەر بکرێت و قەرەبووی شایستە بکرێنەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، راپۆرتنوسان سەبارەت بەم پێشێلکارییانەی مافەکانی مرۆڤ، بەپێی رێکارە پەسەندکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیامێکی فەرمییان ئاڕاستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە.