ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەت و دەزگای رادیۆ و تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران پەرە دەستێنن
ئەنجوومەنی زانیاری و میدیای حکوومەتی ئێران بە توندی رەخنە لە دەزگای رادیۆ و تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئەو وڵاتە دەگرێت و بە سانسۆرکردنی گوتەکانی سەرۆککۆمار تۆمەتباری دەکات.
ئەنجوومەنەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لابردنی بەشێک لە گوتەکانی مەسعود پزیشکیان سەبارەت بە دانوستانەکان لە رۆژی نیشتمانیی پیشەسازی و سەرچاوەکاندا، کارێکی نائاساییە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پێشتریش هاوشێوەی ئەم کارە بەرامبەر بە گوتەکانی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەزگای داد کراوە، کە بە مەبەستی بەرگریکردن لە سەرۆککۆمار بووە.
لە بەرامبەردا، دەزگای رادیۆ و تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران راگەیەندراوەکەی حکوومەتی بە "تۆمەتبەخشینەوە" ناوبردووە و رایگەیاندووە، ئەرکی ئەوان پاراستنی یەکڕیزی و رێگریکردنە لە نیشاندانی جیاوازیی هەڵوێست لە نێوان بەرپرسانی باڵادا.
دەزگاکە ئاماژەی بەوەش داوە، لەم قۆناخە هەستیارەدا پێویستە وێنەیەکی یەکگرتوو لە دەسەڵات پێشان بدرێت و رێگری لە هەر جۆرە دووبەرەکییەک بکرێت.
ئەم گرژییە لە کاتێکدایە کە حکوومەت داوای روونی لە گواستنەوەی گوتارەکاندا دەکات، بەڵام دەزگای رادیۆ و تەلەڤزیۆن دەڵێت کارەکانی لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان و رێنوێنییە یاساییەکاندایە.