بەقایی: یەکێتیی ئەوروپا دووڕووە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی توندی لە هەڵوێستەکانی یەکێتیی ئەوروپا بەرامبەر وڵاتەکەی گرت و ئەو رێکخراوەی بە پیادەکردنی "سیاسەتی دووڕوویی" وەسف کرد.
ئیسماعیل بەقایی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوە داوە، یەکێتیی ئەوروپا لە کاتێکدا باس لە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە مافی مرۆڤ دەکات، کە پاڵپشتیی لۆجستی و تەکنیکی بۆ هێرش دژی خەڵکی سڤیل و ژێرخانە گرنگەکانی ئێران دابین دەکات.
بەقایی لەو پەیامەدا کە ئاراستەی کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپای کردووە، دەڵێت، یەکێتیی ئەوروپا ئامادە نییە سەرکۆنەی تاوانەکانی جەنگ بکات و هیچ هاوسۆزییەکیشی بۆ ئەو منداڵانە نیشان نەداوە کە لە هێرشەکاندا دەبنە قوربانی.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو هەڵوێستەی یەکێتیی ئەوروپای بە نموونەی "دووڕوویی" ناو بردووە و دەڵێت، پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ دابینکردنی هاوکاری بۆ هێرشکردنە سەر خەڵک یەک ناگرێتەوە.