درۆنە تێکشکێندراوەکان لە مووسڵەوە ئاراستەی هەولێر کرابوون
هێرشە درۆنییەکانی دوێنێی سەر شاری هەولێر پووچەڵ کرانەوە و هیچ زیانێکیان نەبوو، هاوکات زانیارییە تایبەتەکان ئاشکرای دەکەن پێنج درۆنەکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لە دەوروبەری مووسڵەوە ئاراستە کرابوون.
بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی کوردستان24، ئەو پێنج درۆنەی دوێنێ بەیانی (هەیینی، 24ـی تەممووزی 2026)، ئاراستەی شاری هەولێر کران و لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە تێکشکێندران، لە دەوروبەری شاری مووسڵەوە ئاراستە کرابوون.
زانیارییەکان ئەوەش دەخەنەروو، گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکان بەرپرسیارن لە ئاراستەکردنی ئەو پێنج درۆنە بۆ سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان. سەرەڕای ئەوەی هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتەوە، بەڵام مەترسییەکانی ئەو گرووپانە بۆ سەر ئارامیی ناوچەکە بەردەوامە.
ئەمە یەکەم جار نییە گرووپە چەکدارەکان هێرشی درۆنی دەکەنە سەر شاری هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چەندین جار داوایان لە حکوومەتی عێراق کردووە رێکارێکی توند بگرێتە بەر بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشانە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هەوڵەکانی بەغدا لە سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانەدا سەرکەوتوو نەبوون.