وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: حزبوڵڵا دەیەوێت لوبنان پەلکێشی جەنگ بکات
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هۆشداری لە مەترسییەکانی ئاڵوگۆڕی مووشەکی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەدات و بە مەترسیدارترین قۆناغی دوای ئاگربەست ناوی دەبات. هاوکات پێشوازی لە راگرتنی هێرشەکان دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 09ـی حوزەیرانی 2026، ئیڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئاڵوگۆڕی مووشەکی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل مەترسیدارترین سات بوو لە دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە ناوچەکەدا.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوە دا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە و پێی راگەیاندووە، دەستپێکردنەوەی ململانێکان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە.
هاوکات پێشوازی لە راگەیاندنی ئێران و ئیسرائیل کرد بۆ راگرتنی هێرشە هاوبەشەکانیان و هێورکردنەوەی دۆخەکە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا روونیشی کردەوە، زۆر پێویستە رێگری لە ئێران بکرێت بۆ بەدەستنەهێنانی چەکی ئەتۆمی.
سەبارەت بە دۆخی لوبنانیش ئەوەشی خستە روو، حزبوڵڵا بە چاودێری و پشتیوانیی ئێران دەیەوێت لوبنان پەلکێشی جەنگێکی نەخوازراو بکات پێچەوانەی خواستی گەلی لوبنان.
دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل جارێکی دیکە گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار و هەردوو وڵات هێرشی مووشەکییان کردە سەر یەکتر.
لەندەن و وڵاتانی ئەوروپا نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و رۆڵی گرووپە چەکدارەکانی وەک حزبوڵڵا لە تێکدانی سەقامگیریی لوبنان دەربڕیوە. لەم چوارچێوەیەدا، دیپلۆماتکارانی رۆژئاوا بەردەوامن لە فشارکردن بۆ پاراستنی ئاگربەستەکە و هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.