سعوودیە و رووسیا 13 رێککەوتنی ستراتیژییان بە بەهای 4.8 ملیار ریاڵ واژۆ کرد
لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی نێودەوڵەتیی سانت پترسبۆرگ، شانشینی سعوودیە و کۆماری فیدراڵیی ڕووسیا 13 رێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنی ستراتیژییان لە چەندین بواری جیاوازدا واژۆ کرد، کە ئامانجی سەرەکییان بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە.
بەهای ئەو ڕێککەوتننامانەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کراون، گەیشتووەتە 4.8 ملیار ریاڵی سعوودی. وەزارەتی ژینگە و ئاو و کشتوکاڵی سعوودیە توانیویەتی لە ڕێگەی ئەم کۆڕبەندەوە سەرنجی گەورە کۆمپانیا ڕووسییەکان لە بوارە زیندووەکان و کەرتی خۆراکدا رابکێشێت، ئەمەش وەک درێژکراوەی هەوڵەکانی شانشینی سعوودیە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی "دیدگای 2030" و جێگیرکردنی تەکنەلۆژیای بایۆلۆژیی پێشکەوتوو.
لەمبارەیەوە، مەنسوور مشێتی، جێگری وەزیری کشتوکاڵی سعوودیە رایگەیاند "ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ لایەنی ڕووسی واژۆ کراون، چەندین کەرتی حەیاتی دەگرنەوە، لەوانە: نیشتەجێکردنی پیشەسازیی ڤاکسینی ڤێتێرنەری بۆ پاراستنی تەندروستی ئاژەڵان، پەرەپێدانی سلالەکانی مریشکی گۆشت بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی، و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئالیک بۆ دڵنیابوون لە گەشەی کەرتی سامانی ئاژەڵ."
مشێتی ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێکی ڕێککەوتنەکان تایبەتن بە هەناردەکردنی بەرهەمە دەریاییەکانی سعوودیە وەک (ڕۆبیان و ماسی) بۆ بازاڕەکانی رووسیا و جیهان، لە رێگەی کۆمپانیا پسپۆڕەکانەوە.
هەروەها رێککەوتن کراوە بۆ هەناردەکردنی شیری وشتر و مشتقاتەکانی، لەگەڵ بڵاوکردنەوە و هەناردەکردنی "قاوەی سعوودی" و هاوکاری لە کەرتی خواردنەوە گازییەکاندا.
جێگری وەزیری کشتوکاڵی سعوودیە جەختی لەوەش کردەوە، بەشداریکردنی وڵاتەکەی وەک "میوانی شەرەف" لە کۆڕبەندی سانت پترسبۆرگ، نیشانەی قووڵیی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان ڕیاز و مۆسکۆیە و دەرفەتێکی گرنگە بۆ گۆڕینەوەی شارەزایی و دۆزینەوەی هەلی نوێی وەبەرهێنان لە بوارەکانی ژینگە و کشتوکاڵدا.