وەزارەتی بەرگریی سعوودیە چەند دەنگۆیەک رەتدەکاتەوە

وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە هێرشکردنە سەر بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان لە پارێزگای خەرج دەکەن و رایگەیاند، لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە تەنیا رێکارێکی خۆپارێزی بووە.

ئەمڕۆ 9ـی حوزەیرانی 2026، لیوا روکن تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند "ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە بەئامانجگرتنی بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان لە پارێزگای خەرج بڵاوکراونەتەوە، دوورن لە ڕاستی و هیچ بنەمایەکیان نییە."

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە روونیکردەوە، لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە (صفارات الإنذار) لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا لە پارێزگای خەرج، رێکارێکی خۆپارێزی بووە، ئەمەش دوای ئەوەی مووشەکێکی بالیستی لە یەمەنەوە تەقێنراوە و لە نزیک سنوورەکان ون بووە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوەش کرد، لادانی مووشەکەکە لە رێڕەوی خۆی بووەتە هۆی پێدانی ئاماژەی نادروست سەبارەت بە شوێنی بەئامانجگیراو، لە کۆتاییدا مووشەکەکە لە ناوچەیەکی چۆڵ و بێدەنگ لە نزیک سنوورەکانی سعوودیە و یەمەن کەوتووەتە خوارەوە.