ترەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی ئێران دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا (وێنە: AFP)
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا (وێنە: AFP)

سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی توند لە ئێران دەکات و دەڵێت، هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بەتەواوی لەناوچوون، هاوکات هۆشداریش دەدات لەوەی ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ئەوا هێرش دەکەنە سەر وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، سوپای ئێران کەوتووەتە دۆخێکی بێسەروبەرییەوە، هاوشێوەی هێزەکانی دەریایی و ئاسمانییان بە تەواوی لەناوچوون.

 ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، هێزەکانی ئێران بە تەواوی شکستیان هێناوە و تەنیا قسە دەکەن بێ ئەوەی هیچ کردەوەیەکیان هەبێت.

سەرۆکی ئەمریکا ئێرانی بە "تێکدەر و لایەنە ئاژاوەگێڕەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ناو برد و روونیشی کردەوە، ئاژاوەگێڕەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مردووە.

ترەمپ تووڕەیە لە دواکەوتنی رێککەوتن لەگەڵ ئێران و دووپاتی کردەوە، ئێران کاتێکی زۆری بەفیڕۆ داوە لە دانوستاندن بۆ رێککەوتنێک زۆر باش دەبوو بۆیان، ئێستاش دەبێت باجی ئەو کارەیان بدەن.

لە لایەکی دیکەوە ترەمپ قسەی بۆ کەناڵی فۆکس نیوز کردووە و رایگەیاند، گەمارۆی دەریایی سەر ئێران سەرکەوتووترین گەمارۆ بووە لە مێژووی جەنگدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران بە خێرایی بەرەو شکست دەڕوات، چونکە بەهۆی گەمارۆکانەوە ناتوانێت مووچەی هێزەکانی بدات.

ترەمپ ئەوەشی خستە روو، فەرمانی هێرشی نوێ بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و پردەکان لە ناو ئێران دەدات، بۆیە هەوڵەکانی ئێران بۆ بنیاتنانەوەی تواناکانیان هیچ سوودێکی نابێت و باشتر وایە هەرچی زووە رێکبکەون.