مەسرور بارزانی بۆ گەنجان: هیچ خەون و ئامانجێک مەحاڵ نییە ئەگەر هەوڵی بۆ بدەن
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی کردنەوەی ناوەندی گەنجان لە لاوان دەکات و دەڵێت: پشتیوانتان دەبین بۆ ئەوەی بە یەکەوە داهاتوویەکی گەش بۆ کوردستان بونیات بنێین.
چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەورەترین و پێشکەوتووترین ناوەندی گەنجانی لەسەر ئاستی جیهان کردەوە، کە لە لایەن (کوردستان فاوندەیشن)ـەوە خاوەندارێتی دەکرێت و بەڕێوە دەبرێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: پەیامی من بۆ گەنجانی کوردستان ئەوەیە؛ خەونی گەورە ببینن و ئامانجی گەورەتان هەبێت، هیچ خەون و ئامانجێک مەحاڵ نییە ئەگەر هەوڵی بۆ بدەن.
ئاماژەی بەوە کرد، پیرۆزبایی کردنەوەی گەورەترین ناوەندی گەنجان لە گەنجانی کوردستان دەکەم، پشتیوانتان دەبین بۆ ئەوەی بە یەکەوە داهاتوویەکی گەش بۆ کوردستان بونیات بنێین.
ئەم ناوەندە مۆدێرنە وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژی و گشتگیر، دەرگایەکی نوێ بە رووی گەنجاندا دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی لێهاتوویی، فێربوونی کارامەیی نوێ و دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی بەهێز لە نێوان گەنجانی داهێنەردا.
ناوەندەکە بە سیستمێکی نێودەوڵەتی و بە بەرزترین ستانداردی جیهانی بەڕێوە دەبرێت، لە ماوەی ئەزموونی سەرەتایی خۆیدا توانیوویەتی سەرنجی ژمارەیەکی پێوانەیی لە گەنجان رابکێشێت؛ ئێستا خاوەنی زیاتر لە هەزار 400 ئەندامە و پتر لە 12 هەزار کتێبی لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە، سەرباری ئەوەی، لە ماوەی کارکردنی ئەزموونیدا، 129 هەزار سەردانیکاری هەبووە. جگە لەوەی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ناوەندەکە بێبەرامبەر پێشکەش دەکرێت.
پەیامی من بۆ گەنجانی کوردستان: خەونی گەورە ببینن و ئامانجی گەورەتان هەبێت. هیچ خەون و ئامانجێک مەحاڵ نییە ئەگەر هەوڵی بۆ بدەن.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) June 10, 2026
پیرۆزبایی کردنەوەی گەورەترین ناوەندی گەنجان لە گەنجانی کوردستان دەکەم، پشتیوانتان دەبین بۆ ئەوەی بەیەکەوە داهاتوویەکی گەش بۆ کوردستان بنیات بنێین.