رووسیا داوا لە ئەمریکا و ئێران دەکات بگەڕێنەوە بۆ دانوستان
گوتەبێژی سەرۆکایەتی رووسیا، نیگەرانی مۆسکۆی لەبارەی پەرەسەندنی نوێی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەربڕی و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دان بە خۆیاندا بگرن و بگەڕێنەوە سەر رێگەی گفتوگۆ.
پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، دمیتری پێسکۆڤ گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا ( کرێملن )، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئێمە هەست بە نیگەرانی دەکەین و داوا لە هەموو لایەنەکانی ئەم ململانێیە دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن و بگەڕێنەوە سەر رێگەی دانوستان".
گوتەبێژی کرێملن هۆشداری دا، ئەم خولە نوێیەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران تەنها مەترسی بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست ناکات، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی ئابووری جیهانیش.
پێسکۆڤ روونی کردەوە: "بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان دەکرێت ببێتە هۆی لێکەوتەی نەرێنی زیاتر بۆ رەوشی ناوچەکە و ئابووری نێودەوڵەتی بە گشتی." جارێکی دیکەش داوای لە واشنتن و تاران کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
ئەم لێدوانانەی دمیتری پێسکۆڤ گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا دوای ئەوە دێن، ئەمریکا شەپۆلێکی نوێی هێرشی کردە سەر چەند ئامانجێک لە ئێران، لە بەرامبەردا تاران هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە کوەیت و بەحرەین راگەیاند، گەرووی هورمزی بە تەواوی بەڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا دادەخەن و هۆشداری دا هەر کەشتییەک هەوڵی تێپەڕین بدات دەکرێتە ئامانج.