سێنتکۆم: هێزەکانی ئەمریکا سێیەمین نەوتهەڵگریان لەم هەفتەیەدا پەکخست
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان کەشتییەکی نەوتهەڵگریان لە کەنداوی عومان پەکخستووە، ئەمەش دوای ئەوەی کەشتییەکە گەمارۆی سەر ئێرانی پێشێل کردووە و هەوڵی گواستنەوەی نەوتی ئێرانی داوە.
پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، بەپێی راگەیاندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، رۆژی 10ـی حوزەیران کاتژمێر 11:20ـی شەو بە کاتی واشنتن، هێزەکانی ئەمریکا کەشتی (M/T Jalveer)یان پەکخستووە کە ئاڵای "گینێ بیساو"ی هەڵکردبوو، هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە سێیەمین کەشتی بازرگانییە کە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە پەکبخرێت.
سێنتکۆم ئاشکرای کردووە، فڕۆکەیەکی ئەمریکی دوو مووشەکی جۆری "هێڵفایەر"ی ئاراستەی ژووری بزوێنەری کەشتییەکە کردووە، دوای ئەوەی تیمی کەشتییەکە چەندین جار رەتیانکردەوە پابەندی رێنماییەکانی هێزەکانی ئەمریکا بن.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەشدا، هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا دوو کەشتی دیکەیان بە ناوەکانی (M/T Marivex) و (M/T Settebello) پەکخستبوو، کە هەوڵیان دابوو نەوتی ئێران بگوازنەوە یان بەرەو بەندەرە ئێرانییەکان بڕۆن.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی گەمارۆکە لە 13ـی نیسانەوە، هێزەکانی ئەمریکا 9 کەشتییان پەکخستووە، 135 کەشتییان ئاراستەکەیان گۆڕیوە و رێگەیان بە 42 کەشتی دیکە داوە کە هاوکاری مرۆییان گواستووەتەوە.
هەروەها جەخت کراوەتەوە، گەمارۆکە بە یەکسانی بەسەر کەشتیی هەموو وڵاتاندا جێبەجێ دەکرێت کە هەوڵی چوونە ناو یان چوونە دەرەوە لە بەندەرە ئێرانییەکانی سەر کەنداوی عەرەبی و کەنداوی عومان دەدەن.
لە بەرامبەردا، عەلی عەبدوڵڵا فەرماندەی بارەگای ناوەندی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، ئەو جەنگە مێژووییە سەلماندی گەلی ئێران لە ژێر سێبەری رێبەرایەتی و یەکگرتووییدا دەتوانێت بەسەر هەموو جۆرە دەستدرێژییەکدا زاڵ بێت و دوژمنان بە هەڵسەنگاندنە هەڵەکانیان تووشی شکستی ستراتیژی و شەرمەزاری بوون.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا و لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی جەنگی سهپێنراوی سێیەمی ئەمریکا، ئامادەیی بەردەوامی خەڵک لە مەیدانەکاندا بۆ ماوەی زیاتر لە 100 شەو، نیشانەی بەیعەتێکی مێژووییە لەگەڵ مەقامی باڵای ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی، ئەمەش هێزی ئێرانی لە جیهاندا چەسپاوتر کردووە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیا بە راشکاوی رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە وشیاریی تەواو و چاودێرییەکی وردی هەواڵگرییەوە، بۆ پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵات ئامادەن. دووپاتیشی کردەوە، هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، بە ئۆپەراسیۆنێکی، ئازاربەخش و پەشیمانکەرەوە وەڵام دەدرێتەوە.