ترەمپ: هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران چڕتر دەکەینەوە

سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند: کە پێی باشترە هێرش نەکرێتە سەر ژێرخانی مەدەنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاتێکدا بەڵێنیدا کە واشنتن هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر تاران چڕتر بکاتەوە.

پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، کە "پێی باشترە" هێرش نەکرێتە سەر ژێرخانی مەدەنیی ئێران، لە کاتێکدا بەڵێنیدا کە وڵاتەکەی هێرشەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی چڕتر بکاتەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەمریکا دەست دەکات بە بەئامانجگرتنی وێستگەکانی وزە و پردەکان لە ئێران، هاوشێوەی ئەو هەڕەشانەی کە پێشتر کردبووی، ترەمپ گوتی: "بەڵێ، بەڵام پێم باشترە ئەم کارە نەکەین، چونکە کاتێک ئەو کارە دەکەیت، هاووڵاتییان تووشی نەهامەتی دەبن."

ئەم لێدوانانەی سەرۆکی ئەمریکا نیشاندەری هەوڵێکە بۆ هاوسەنگکردنی فشارە سەربازییە چڕەکان بۆ سەر دەسەڵاتی تاران، لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە دروستکردنی قەیرانی مرۆیی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە رێگەی تێکدانی ژێرخانی بنەڕەتیی یان خزمەتگوزاریی ئەو وڵاتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند کاتژمێرێک بەر لە ئێستا،دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس" و رایگەیاندبوو، ئەمشەو ئەمریکا گورزێکی زۆر کاریگەر لە ئێران دەوەشێنێت.

ئاماژەی بەوە کردبوو، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەمریکا دەست بەسەر دوورگەی خارگ و ناوەندەکانی دیکەی ژێرخانی نەوتی ئێراندا دەگرێت.