پاکستان: سەرەڕای ئاڵۆزییەکان بەردەوامین لە نێوەندگیریی ئەمریکا و ئێران

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی بۆ نێوەندگیریی نێوان ئەمریکا و ئێران دووپات دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت؛ کە سەرەڕای توندبوونی گرژییەکان و کەمبوونەوەیی دەرفەتی گفتوگۆ، هێشتا بێومێد نەبوون لە بەدیهێنانی پێشکەوتن لەم بوارەدا.

پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، تاهیر ئەندریب، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رادەی گەشبینی وڵاتەکەی بە گفتوگۆکان، رایگەیاند: "زۆر قورسە لە ژێر سایەی ئەم دۆخە نالەبارەی ئێستا گەشبین بین، کە تێیدا شاهێدی پێکدادانی ئاشکرای نێوان ئەمریکا و ئێرانین، بەڵام هاوکات ناتوانم هەڵوێستی وڵاتەکەمان بە رەشبینی بناسێنم یان بڵێم کە بێومێد بووین."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، ئاماژەی بەوە کرد، کە گەشبینی مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ سەرکەوتنی هەر نێوەندگیرێک، چونکە ئەگەر رەشبینی و نائومێدی بەسەر پرۆسەکەدا زاڵ بێت، ئەوا زیان بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەگەیەنێت.

هاوکات گوتیشی: "پاکستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی؛ ئێمە لە ئاڵنگارییەکان تێدەگەین و دەزانین چۆن دەرفەتە دیپلۆماسییەکان بەهۆی ئەم گرژییانەوە بەرەو کەمبوونەوە رۆشتوون، بەڵام بە راشکاوانە دەڵێم کە بێومێد نەبووین."

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لە ئەگەری سەرکەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران، پێی باشترە ئەو ڕێککەوتنە لە سویسرا واژۆ بکرێت لەبری ئەوەی لە پاکستان بێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەدا، ترەمپ هەڕەشەی چڕکردنەوەی گورزە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران دووپات کردەوە و ئاماژەی بە نیازی وڵاتەکەی کرد بۆ "کۆنترۆڵکردنی نەوتی ئێران"، هاوشێوەی ئەو هەنگاوانەی کە ئەمریکا پێشتر بەرامبەر ڤەنزوێلا گرتبوویە بەر.