رەزایی: پێیەکانتان بگاتە خارگ بە زیندوویی ناگەڕێنەوە
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، هەڕەشە لە سەربازانی ئەمریکا دەکات و دەڵێت: ئەگەر پێیە پیسەکانتان بگاتە دوورگەی خارگ، بە دڵنیاییەوە بە زیندووی رزگارتان نابێت.
پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، لە وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "یەکێک بووم لەو پەرلەمانتارانەی سەردانی خارگمان کرد و لە نزیکەوە هێزەکانی پشتیوانیمان بینی، ئەگەر هاتن و پێیە پیسەکانتان بگاتە ئەوێ، دڵنیابن بە زیندوویی ناگەڕێنەوە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس" لە پەیامێکدا رایگەیاندوو، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەمریکا دەست بەسەر دوورگەی خارگ و ناوەندەکانی دیکەی ژێرخانی نەوتی ئێراندا دەگرێت.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەمریکا هەمان ئەو کارە دەکات کە لە ڤێنیزوێلا کردی، چونکە ئەو هەنگاوە بۆ هەردوو وڵاتی ڤێنیزوێلا و ئەمریکا زۆر بە باشی کاری کردووە و سەرکەوتوو بووە.