ئاژانسێک: ئەمریکا رەزامەندی لەسەر رەشنووسە پێشنیازکراوەکەی ئێران نیشاندا
"واشنتن مەرجە زیادەکانی کشاندەوە و واژۆکردنی رێککەوتنەکە نزیک بووەتەوە"
ئاژانسی هەواڵی "فارس"ـی بڵاوی کردەوە، ئەمریکا رەزامەندیی لەسەر ئەو دەقە پێشنیازکراوە دەربڕیوە کە لە لایەن تارانەوە پێشکەش کرابوو، ئەمەش ئەگەری واژۆکردنی رێککەوتنێکی فەرمی لە نێوان هەردوولادا لە ئاییندەیەکی نزیکدا زیاتر کردووە.
پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی هەواڵی "فارس"، لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرای کردووە، رەشنووسی لێکتێگەیشتنی نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئێران نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر لە قۆناغی کۆتاییدا بووە، بەڵام پێش واژۆکردنی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای کردبوو وردەکاری و مەرجی نوێ بۆ ناو دەقەکە زیاد بکرێت.
بەپێی سەرچاوەکان، ئێران لایەنی ئەمریکی ئاگادار کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک دەستکاریی دەقەکە و خاڵە زیادەکان قبووڵ ناکات، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی کاتیی گفتوگۆکان. ئەم سستبوونە هاوکات بوو لەگەڵ دروستبوونی گرژییەکان لە گەرووی هورمز، باشووری ئێران و هێرشەکەی سەر باشووری بەیروت، کە پڕۆسەی گفتوگۆکانی بە تەواوی سڕ کرد.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، کە لایەنی قەتەری رۆژی چوارشەممە هاتووەتە سەر هێڵی نێوەندگیری و تاران بە فەرمی ئاگادار کراوەتەوە کە ئەمریکا لەو مەرج و بەندانە پاشەکشەی کردووە کە پێشتر وەک خاڵی زیادە خستبوونیە روو.
بە پێی سەرچاوەکان، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی کەمپەینێکی میدیایی و گوتارێکی توندەوە هەوڵی داوە وا نیشان بدات کە ئێران لەژێر فشاری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا پاشەکشەی کردووە، بەڵام سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە کە تاران هێشتا وەڵامی کۆتایی نەداوەتەوە و ئەوا واشنتن بووە کە گەڕاوەتەوە بۆ هەڵوێستی پێشووی خۆی.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە، کە قبووڵکردنی دەقە پێشنیازکراوەکەی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە، ئەگەری پەسەندکردنی لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ناوخۆی ئێراندا زۆر زیاتر دەکات و رێگا بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی کۆتایی خۆش دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئیران، لە کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و گوتی: " لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ ئێران رێکدەکەوین و جەی دی ڤانس رێککەوتنەکە واژۆ دەکات.
هەروەها ئاماژەی داوە، کە لەبارەی رێککەوتنەکە لەگەڵ چەندین سەرکردەی وڵاتان قسەی کردووە و هەرکات رێککەوتن واژۆ کرا گەرووی هورمز دەکرێتەوە.
دەشڵێت: هەموو سەرکردەکانی ئێران بە رێککەوتنەکە دڵخۆشن و پێم وایە رێبەری باڵای وڵاتەکەش رێککەوتنەکە پەسەند دەکات.