بەقایی: لە ژێر گوشاردا رێککەوتن ناکەین

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، تاران لە هێڵە سوورەکانی پاشەکشە ناکات و هەڵوێستە گۆڕاوەکانی ئەمریکاشی بە بەربەستی سەرەکی بەردەم گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی ناوبرد.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەربارەی پڕۆسەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند، بەشێکی زۆری دەقی رێککەوتنەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام گۆڕینی بەردەوامی هەڵوێستەکانی واشنتن بووەتە بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی.

بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، لایەنی ئەمریکی لەم رۆژانەی دواییدا هەوڵی داوە "داواکاریی نائاسایی" بسەپێنێت و وا پیشان بدات کە کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاردا رازی بووە بە رێککەوتن. جەختیشی کردەوە "ئێران بە هیچ شێوەیەک لە هێڵە سوورەکان و هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی خۆی پاشەکشە ناکات. ئەگەر بڕیار بوایە ئێران لەژێر گوشار و هەڕەشەدا پاشەکشە بکات، ساڵێک لەمەوبەر ئەو کارەی دەکرد."

سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا و رایگەیاند "گەرووی هورمز بەهۆی هەنگاوە نایاساییەکانی ئەمریکاوە بە داخراوی دەمێنێتەوە." گوتیشی، پێویستە کەشتییەکان وریای هاتوچۆی خۆیان بن، چونکە لە ئێستادا دەرفەتی هاتوچۆیەکی ئارام و بێ مەترسی لەو ناوچەیەدا نییە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئیسماعیل بەقایی جەختی لەوە کردەوە کە تاران تەنیا ئەو کاتە ڕێککەوتنەکە رادەگەیەنێت، کە دڵنیابێتەوە دەقی تێگەیشتنەکە بە تەواوی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران دابین دەکات.

هاوکات دوێنێ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ ئێران رێکدەکەوین و جەی دی ڤانس رێککەوتنەکە واژۆ دەکات.

هەروەها ئاماژەی داوە، لەبارەی رێککەوتنەکە لەگەڵ چەندین سەرکردەی وڵاتان قسەی کردووە و هەرکات رێککەوتن واژۆ کرا گەرووی هورمز دەکرێتەوە.

دەشڵێت: هەموو سەرکردەکانی ئێران بە رێککەوتنەکە دڵخۆشن و پێم وایە رێبەری باڵای وڵاتەکەش رێککەوتنەکە پەسەند دەکات.