قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران لە سۆران دەستپێدەکات

سەرۆکی شارەوانی سۆران رایگەیاند، هەنگاوەکانی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران بەهۆی چەند گرفتێکی موڵکدارییەوە دواکەوتبوو، بەڵام بڕیاریانداوە دەست بە خێراکردنی رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بکەن و لە قۆناخی یەکەمدا %38ی ئەو فەرمانبەرانەی مافیان هەیە، سوودمەند دەبن.

ئەندازیار بژار سەعید سەرۆکی شارەوانیی سۆران ئەمڕۆ هەینی 12ی حوزەیرانی 2026، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، بەمنزیکانە قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی زەوی بە سەر فەرمانبەران دەستپێدەکات و لەم قۆناخەدا 5000 فەرمانبەر سوودمەند دەبن.

گوتیشی: ئەو 5000 پارچە زەوییەی بڕیارە بەمنزیکانە دابەش بکرێن، دەکەونە هەردوو کەرتی کەورین و بادیلیان، بەهۆی کێشەی قەرەبووکردنەوەی خاوەن موڵکەکان ساڵیک زیاترە پرۆسەی دابەشکردنەکە دواخرابوو، بەڵام لە کۆبوونەوەی دوێنێ پێنجشەممە بڕیاردرا، چیتر چاوەڕوان نەکرێت و دەست بە رێکارەکانی کوژاندنەوەی زەوییەکان و دابەشکردنیان بکرێت.

هەروەها ئاماژەیدا، ئەو پارچە زەوییانەی ئامادەکراون بۆ دابەشکردن نەخشەیان تەواوکراوە و دوای وەرگرتنی رەزامەندی پلاندانان پرۆسەکە دەستپێدەکات و خاوەنی موڵکەکانیش قەرەبوو دەکرێنەوە.

بژار سەعید لەبارەی قۆناخی دیکەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمان، گوتی: لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی سۆران 12,000 فەرمانبەر مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، هەرچەندە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای سۆران و کەمی رووبەری زەوی، قۆناخی دواتر دەمێنێتەوە بۆ کاتێکی دیکە، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی بتوانرێت زەوی دیکە تەرخان بکەین بۆ تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی مافی سوودمەندبوونیان هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، کە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نزیک 40 هەزار مووچەخۆر رەزامەندی وەرگرتنی زەویان هەیە، کە بەمشێوەیە بەسەر ناوەندی قەزا و ناحیەکاندا دابەش بوون:

- شارەوانی سۆران 13,000 فەرمانبەر

- شارەوانی مێرگەسۆر 7131 فەرمانبەر

- شارەوانی چۆمان 4336 فەرمانبەر

- شارەوانی خەلیفان 4316  فەرمانبەر

- شارەوانی رواندز 3428  فەرمانبەر 

- شارەوانی سیدەکان 2450 فەرمانبەر 

- شارەوانی مەجیداوە و باڵەکیان 1292 فەرمانبەر

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.