ئیسرائیل نایەوێت ئەمریکا پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکرێت
سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئاگادار بە تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی راگەیاندووە، ئیسرائیل فشارێکی توند دەخاتە سەر ئەمریکا بۆ ئەوەی رێگری بکات لە ئازادکردنی سەرمایە و داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە چوارچێوەی هەر رێککەوتنێکی چاوەڕوانکراو بۆ راگرتنی جەنگ.
هەینی 12ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئاگادار بە تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی راگەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گفتوگۆی بەردەوامی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هەیە، ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە ترەمپ پابەند دەبێت بە کارکردن بۆ نەهێشتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران، هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، سنووردارکردنی توانای مووشەکی و کۆتاییهێنان بە پشتگیرییەکانی تاران بۆ گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە.
سەرەڕای ئەم لێدوانانە، دۆناڵد ترەمپ لە گوتارە گشتییەکانی ئەم دواییانەیدا تەنها باسی لە دۆسیەی یۆرانیۆمی پیتێنراو کردووە و ئاماژەی بە مووشەک و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران نەکردووە، ئەمەش بووەتە جێی سەرنجی چاودێران.
تۆڕی "سی ئێن ئێن" ئاشکرای کردووە، لێدوانەکەی ترەمپ سەبارەت بە نزیکبوونەوەی رێککەوتن لەگەڵ تاران، ناتانیاهۆی سەرسام کردووە، چونکە لەو کاتەدا ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەدا بووە لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییە باڵاکان بۆ تاوتوێکردنی هەمان پرس، هەروەها ناتانیاهۆ گوتویەتی: "تا ئەو کاتەی من سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بم، رێگە نادەم ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
ئیسرائیل بە گومانەوە دەڕوانێتە دانوستانەکان، هاوکات تاران تۆمەتبار دەکات بەوەی بە نادڵسۆزی مامەڵە دەکات، سەرچاوە ئیسرائیلییەکە دەڵێت تەلئەڤیڤ پێیوایە تەنانەت ئەگەر لێکتێگەیشتنێکیش واژۆ بکرێت، مەرج نییە ببێتە هۆی رێککەوتنێکی کۆتایی.
رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمۆ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، فەرمانی هێرشی نوێی بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندووەتەوە چونکە رێککەوتنەکە ئێستا ئامادەیە، هەروەها گوتی: "گەیشتووینەتە رێککەوتنێکی نایاب بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران."