شەهباز شەریف: رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران لە هەموو کاتێک نزیکترە
سەرۆکوەزیرانی پاکستان، ئاشکرای کرد، لایەنەکان گەیشتوونەتە دەقی کۆتایی بۆ رێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەروەها ئیسلامئاباد ئێستا لەگەڵ هەردوولادا کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو.
هەینی، 12ـی حوزەیرانی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی:، هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی هەوڵە چڕەکانی پاکستان بۆ نێوەندگیری، ئەوان بە تەواوی ئاگاداری ئەو کەمپەینە بەردەوامەی چەواشەکاریین کە لەلایەن هەندێک لایەنەوە بە ئامانجی تێکدانی رێککەوتنی ئاشتی بەڕێوە دەبرێت.
هاوکات جەختی کردەوە، کە بەبێ گوێدانە ئەم ژاوەژاو و دەنگۆیانە، دەتوانن ئەوە پشتڕاست بکەنەوە کە لایەنەکان گەیشتوونەتە دەقی کۆتایی بۆ رێککەوتن لەسەر پرۆسەی ئاشتی، ئێستا پاکستان لە نزیکەوە لەگەڵ هەردوو لادا کار دەکات بۆ یەکلاکردنەوەی هەنگاوەکانی داهاتوو.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە "هیچ کاتێک ئاشتی هێندەی ئێستا نزیک نەبووە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند کاتژمێرێک بەر لە ئێستا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، رایگەیاندبوو: یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا لە هەموو کاتێک نزیکترە
عێراقچی لە پەیامەکەیدا داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کردبوو، کە تا کاتی یەکلاکردنەوە و کۆتاییهاتنی ئەم لێکتێگەیشتنە، لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە پێشبینی و دەنگۆیەک لەسەر ناوەڕۆکەکەی خۆیان بەدوور بگرن.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردبووەوە، کە هاوتەریب لەگەڵ شێوازی کارکردنی بەرپرسیارانە و شەفافی ئەوان، سەرجەم وردەکارییەکانی ئەم یاداشتە لە کاتی گونجاودا بۆ رای گشتی بڵاو دەکرێنەوە.